بەم حاڵە ئەگەر دەفعەیە تر بچمەوە کەرکووک
مەعلوومە بە مەردی نەروواوە لە سەرم تووک
بۆچ بچمەوە کەرکووکی قوڕمساخ کە لەگەڵ من
ئەھلی ھەموو ناسازە وەکوو ئاوی حەمامووک
پێم خۆشە لە بەر جەوری برا و لۆمەیی ئەقوام
سەد جار لە غەریبی بکەوم موفلیس و مەفلووک
ڕۆژێ بە مورادی منیش ئەڵبەت دەگەڕێ چەرخ
ئەم میچە قەراری نییە، گاھێ جکە گەھ بووک
شاھی کە نەبێ ڕادەبوێرین بە فەقیری
بۆ ئەھلی قەناعەت لە پڵاو خۆشترە داندووک
شەش مانگە زیاتر کە لە پاش مەرگی پدەر من
مەغدوورم و مەزڵووم و جەفا دیدە و مەھتووک
تا ساکنی کۆی مامە غەفوورم وەکو فەغفوور
کیسەم پڕە دائیم لە زەڕ و لیرەیی مەسکووک
پابەندی خەلایق نییە تەبعم وەکوو خەڵکی
بێ کولفەتم و ڕەندم و سەییاحم و سالووک
من خواجەیی ئەحرارم و ئامێزشی دنیا،
ھێشتاکە نەمیکردووەتە بەندەیی مەملووک
وەک لامعی شاعیر نییە ئێستێ لە جیھاندا
شیرین سوخەن و قابیل و خۆش تەبع و ڕەزا سووک