ئاڵەکۆک

شێخ ڕەزای تاڵەبانی add_a_photo
شێخ ڕەزا دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی
٥٥. بارەکەڵڵا ئافەرین ئەی عەشرەتی نوسرەت شیعار
بارەکەڵڵا! ئافەرین! ئەی عەشرەتی نوسرەت شیعار
مەردی مەیدان شێری جەنگاوەر ھوزەبری کارزار
چوار عەشیرەت کاکەیی و وەند و جەباری و داودە
ئیتیفاقیان کرد و ھاتن چوارسەد و پەنجا سوار
ھەر بە ئەووەڵ حەملە چەندتان کوشت و چەندتان سەر بڕی
چەند کەلەشیان لێ بە جێ ما، بوونە توعمەی موور و مار
ئێستەکەش لەو دەشتە شەڕیانە لەسەر لاشەی ڕزیو
کەرگەس و شاھین و گورگ و مامە ڕێوی و کەمتیار
بەینی بەینەڵا عوبەیدی فیلە تەن کارێکی کرد
ھیچ کەسێک نایکا مەگەر حەیدەر بە زەربی زولفەقار
ھەر سوارێ فیرقەیەکی ڕاڕفاند و دایە پێش
کەوتە سەر کوێخا مەخۆل عەبدولوەھابی نامدار
لێی خوڕی وەک شێری غوڕڕان: سا مەڕۆ! ڕاوەستە بۆم!
ئەی تڵیشی دایە ڕێزوارت بە ڕیشی یادگار
چەکمەیێ سووری لە پێدا بوو بە جارێ زەردی کرد
تس لە ملیۆن تێپەڕی کرد، تڕ گەیشتە سەد ھەزار
یەک لە یەک ئازاترن تەعریفی کامێکتان بکەم
دەک فیدای دەست و تفەنگت بم سولالەی شێخ ستار
شاسوارێکی وەکوو تۆمان ھەبێ باکمان چییە
تۆش لە حەققەتدا سوارێکی وەکوو ئەسفەندیار
ئەم قسانە گشتی مەجازن گەر حەقیقەتتان دەوێ
بەزلی نان و ھیممەتی پیرانە بۆتان کەوتە کار
جائیزەم مەتڵوبە ئەم مەدحەم بە خۆڕایی نییە
ھورتمانیش بێ ڕەزام، گەر ھیچ نەنێرن، یا ستار
ئازایی عەشرەتی تاڵەبانی

پەراوێز edit