ئاڵەکۆک

مەلای جزیری add_a_photo
مەلای جزیری دیوانی مەلای جزیری
١٢٠. وتاری کۆتایی مامۆستا هەژار
خوایە ئەی بینایی چاوان! سوپاس بۆتۆ، کە بەزەییت بەمنی هەژاردا هاتەوە. ئەو هێزو توانایەت دامێ، لەپاش مەم‌وزینی خانی، دیوانی شێخی جزیریش -بەسۆرانی-شی کەمەوە، کە زۆری بۆ بەئاوات بوم. ئۆخەی ئیتر خەمم نەما، ئاواتم نەبردە ژێر گڵ؛ بشمرم ئارخەیان دەمرم. لەقیامەتێش دەس‌بەداوێنی خاوێنی ئەو دو خۆشەویستەت دەگرم، لێم رونە خۆم لێ‌نابوێرن.
لەچاپ‌و بەرهەم‌هێنانی ئەم کتێبە، چەند کەسێکی هەژارپەروەری خێرەومەند، یارمەتیان دام. ئەگەر چاکەیان لەبیر کەم، خۆم بەبێ‌ئەمەگ دەزانم.
سوپاسی زۆر بۆ: «کاک ماجدی روحانی» کە وەختە بێژم بەقەدخۆم خۆی ماندو کرد، پاک‌نوسی ئەو خەتەپیسەم، هەڵەو پەڵە هەڵگرتنەوەی، بەسەرچاپ راگەیشتنی، وەئەستو گرت. هەر ئەویش بۆی دامەزراندم، کرێی چاپیان لێ نەستاندم.
سوپاس بۆ کارگیڕی سروش، «ئاغای زەورەق»، بۆ بەرپرسی چاپخانەی اداره‌ی سروش «مهرپرور»ی خوێن شیرین، بۆ کیژی یەکجار هونەرمەند «ئابگینە» کە بەراستی لە پیت‌چنینی کوردیدا موجزاتە.
پێشەکیش سوپاسی زۆرم بۆ ئەو کوردە لاوانەیە، کە بەچاوی رەخنەگری، لە نوسراوەکەم دەڕوانن‌و هەڵەکانم دەدۆزنەوە.
پازدەی پوشپەڕی ساڵی ١٣٦٠ هەتاوی.

عبدالرحمن شرفکندی
هەژار
دیوانی عارفی ربانی، شێخ احمدی جزیری مشهوربه: مەلای‌جزیری «هەژار» شەرحی لێ کردوە؛ انتشارات سروش، چاپ اول، تهران - ١٣٦١، لاپەڕەی کۆتایی

پەراوێز edit