عەجەب سیڕڕێکە بۆچ بولبول خەریکی ناڵەیی زارە
کەچی مەحڕوومە ئەو دایم ڕەفیقی غونچە هەر خارە
لە هەر وەقتێکدا نێرگس ببینم چەند لەلام خۆشە
کە چونکە ئەو گوڵەیش نەختێ شەبیهی چاوی دڵدارە
هیلالی یەکشەوەم دی سوجدەبەر بووم بێ تەئەممول من
موبارەک بوو لەلام چونکە ئەڵێی تاقی برۆی یارە
لە خەڵوەتخانەیی دڵما بەغەیرەز یادی تۆ جانا
نییە باوەڕ بفەرموو چونکە جێی یارە نە ئەغیارە
لە سیححەت دائیمەن بێزارم و مایل بە بیماریم
لە ڕۆژێکۆ کە دیومە غەمزەیی ئەو چاوە بیمارە
مەکە مەنعم لە عیشقی گوڵ ڕوخان زاهید دەخیلت بم
بە دەستی من نییە چی بکەم دڵی بێچارە ناچارە