ئاڵەکۆک

ئەحمەد موختار جاف add_a_photo
موختار دیوانی ئەحمەد موختار جاف
٩٣. شیفای دەردی دڵە ماچی دەمی وەک شانە هەنگوینە
شیفای دەردی دڵە ماچی دەمی وەک شانە هەنگوینە
بە عیشوە پێکەنینی ئەو نیگارە باعیسی ژینە
کە دیویە ئەو غەزالە ئێستە بەرگی شینی پۆشیوە
ئەمە چەن وەختە بۆیە ئاسمانیش بەرگی وا شینە
لە دڵما نەقشی ناوی تۆ لە دیدەم بەژن و باڵاکەت
کە دیم ئەو ڕەسم و تەسویرە چ ئیحتیاجم بە بینینە
خوا سەد شوکری تۆ دایم کە ئەو دڵدارە بێ ڕەحمە
بە خوێنی ئاڵی جەرگم دەست و پێی ئێستاکە نەخشینە
سەری زوڵفی وەکوو سونبول دوو دیدەی نێرگسی شەهلا
دوو کوڵمی بەرگی گوڵ ئەلحەق نیگارێکی بە تەمکینە
نموونەی عیشقی من بوو ئێستە وا مەشهووری دنیایە
ئەڵێن فەرهادی کۆکەن کوشتەیی موژگانی شیرینە
بنازم سونبولی زوڵفت کە ئاڵاوە بە باڵاتا
لە سەر تا پێ هەموو هەر حەڵقەحەڵقە و چەمبەر و چینە
خەیاڵی وایە مەشقی ناڵە و گریانی عاشق کا
کە هەوری نەوبەهاران بۆیە وا مایل بە بارینە
هەمیشە لوتفی یار دەرحەق ڕەقیبانە و بەڵام بۆ من
قسەی خۆشی جنێو و حیددەت و بێ لوتفی و قینە
لە دووریی ڕووی گوڵی تۆ بولبولی دڵ ئێستە ئەیبینی
لە سینەی شەرحە شەرحەمدا خەریکی شین و ناڵینە
لە ڕۆژی حەشردا جێی جەننەتە ئەحمەد کە کوژراوی
دەس و تیر و کەوانی دڵبەری بێ میهر و ئایینە

پەراوێز edit