ئاڵەکۆک

ئەحمەد موختار جاف add_a_photo
موختار دیوانی ئەحمەد موختار جاف
٨٢. خوا چی بکەم لەدەس جەور و جەفای ئەو شۆخە بێباکە
خوا چی بکەم لەدەس جەور و جەفای ئەو شۆخە بێباکە
چ دڵڕەنجێن و غەددارە چ مەحبووبێکی سەففاکە
وتم بەو تیغی ئەبرۆتە دڵم لەتلەت بووە قوربان
کەچی فەرمووی ئەگەر بیشتکوژم تۆ هەر بڵێ چاکە
لە عیشقی خوبڕوویان مەنعی من هەرگیز مەکە واعیز
بە دەستی خۆم نییە بەخوا ئەمە دەردێکی زگماکە
بەڵێ بازاڕی دەهرە وا یەکێ سۆفی یەکێ شێخە
یەکێ جێگەی خەراباتە یەکێ بێهۆشی تریاکە
بەسەر شانا کە وەختێ ڕادەکێشێ زوڵفی پڕچینی
لە پێش چاوی منی سەودازەدە وەک ماری زوححاکە
دڵم دەرهات و ئەو دڵدارە بێ ڕەحمە نەهات ئەمشەو
چ بەختێکی ڕەش و نەحسم هەیە توخوا تەماشا کە
لە ڕۆژی حەشر ئەگەر خوێنم لە تۆ داوا بکەن جانا
فیدای ئەو لێوە بم شاهید نییە لەو جورمە حاشا کە
لە دنیادا ڕەفیقیی پیاوی کەر هەرگیز مەکە ئەحمەد
لەدەست ئینسانی جاهیل تا قیامەت پڕ بە پێ ڕاکە

پەراوێز edit