ئاڵەکۆک

ئەحمەد موختار جاف add_a_photo
موختار دیوانی ئەحمەد موختار جاف
٦٣. کە من گوڵزاری ڕووی تۆم بێ لە سەیری گوڵستانم چی
کە من گوڵزاری ڕووی تۆم بێ لە سەیری گوڵستانم چی
قەد و باڵایی تۆ خۆش بێ لە سەروی بۆستانم چی
کە عیشقی تۆ لە سەرمایە لە تانەی واعیزانم چی
موقەددەر گەر نەبێ ئاخر لە میهری مەهڕوخانم چی
لە ناڵەناڵی نیوەی شەو لە ئاهی بەربەیانم چی
دڵم دایم لە عیشقی تۆ نیگارا مەست و حەیرانە
هەمیشە کاری شین و ناڵە و ئەفغان و گریانە
میداڵ و مەنسەبی ئەو ماچەکەی سەرکوڵمی جانانە
نیشانەی ئیفتیخاری من لە سینەم داغی هیجرانە
بڕۆ ئەی ناسیحی موشفیق لە ڕوتبە و یا نیشانم چی
ئەوا دێوانە بووم قوربان لە عیشقی چاوی غەددارت
شەکەر ئەرزان ئەکا ئیمڕۆ نیگار لێوی شەکەربارت
لە باخی نێرگسی شەهلا نییە وەک چاوی خوممارت
غەرەز وا بوو موقابیل کەم لەگەڵ گوڵ ڕەنگی ڕوخسارت
وەگەر نە بێ قەدی سەروت لە سەروی گوڵستانم چی
تو خوا قوربان عەفوو کە با کە من سەد جار گوناحم بێ
خوا هەڵناگرێ تا کەی هەمیشە ئۆف و ئاهم بێ
ئیتر شەرتێکە خاکی ژێری پێی تۆ من کولاهم بێ
کە من میحرابی ئەبرۆی تۆ مەقامی سوجدەگاهم بێ
ئیتر وەک زاهیدی خودبین لە مەوعیدی جینانم چی
دڵم سۆراخ سۆراخە قەسەم بەو چاوەکەی کاڵت
هیلاک و مەحو و بێ هۆشم لە عیشقی ڕوومەتی ئاڵت
دە لوتفێ کە لەگەڵ مندا فیدای ئەو دانەیی خاڵت
شەوم وەک ڕۆژی ڕووناکە لە شوعلەی ڕوومەتی ئاڵت
بڵێ یەکبارە با ون بێ لە ماهی ئاسمانم چی
مەحاڵە لەم دڵەم دەرچێ بە سەد دەرد و ئەلەم میهرت
ئەگەر یەک زەڕڕە تۆ جانا لەگەڵ مندا نەبێ میهرت
غوڵام و بەندەتم مەربووتە ڕۆحی من لەگەڵ میهرت
بە نەیڕەنگی فەلەک جانا لە دڵما دەرنەچوو میهرت
کە من یەک ڕەنگ و یەک نەوعم لە تەبدیلی زەمانم چی
هەموو عومرم بەسەرداچوو دەمێ ماچم نەکرد کوڵمت
دوو زوڵفت هەر وەکوو پەرژینی گوڵباخی سەری کوڵمت
گەلێ بێ تاقەتە ئەحمەد لەبۆ ماچی سەری کوڵمت
بە من قەت نادرێ تەفسیری ئایاتی سەری کوڵمت
گرانە تاهیرا بۆ من لە تەعریف و بەیانم چی

پەراوێز edit