عادەتی ئەم چەرخە وایە، ئەهلی دڵ غەمگین ئەکا
شا هەمیشە ماتە، پیادە مەیلی جێی فەرزین ئەکا
ئەبلە وا دایم لە عەیش و شادمانی و عیززەتا
ئەهلی عیرفان و کەماڵ ئێستاکە زاری و شین ئەکا
دوژمنە چەرخی فەلەک، بۆ پیاوی ساحیب عەقڵ و هۆش
ڕووی کەرەم دایم لە هەرزە و شێت و بێ تەمکین ئەکا
سەیری کەن عاشق کە چەن شێتە ئومێدی مەرحەمەت
لەو نیگارەی، دڵفەریبەی، زاڵمەی بێ دین ئەکا
بێستوون وەختێ کە لالەی ئەحمەری لێ سەوز ئەبێ
مەشقی لێوی شەککەرینی ناسکی شیرین ئەکا
عاشقی مەجنوون بە یادی دڵبەری لەیلا سیفەت
خوێنی دوو چاوی بەخوڕ دێ دامەنی ڕەنگین ئەکا
قەت لە زیکری خێری تۆ غافڵ نییە ئەحمەد بە شەو
هەر بە ئوممێدی ویسالت سەر لەسەر باڵین ئەکا