ئاڵەکۆک

ئەحمەد موختار جاف add_a_photo
موختار دیوانی ئەحمەد موختار جاف
٤٨. وەعدەیی فەرموو کە بێتە کولبەیی ئەحزانی من
وەعدەیی فەرموو، کە بێتە کولبەیی ئەحزانی من
بەڵکە ڕۆشن کا دوو چاوم یۆسفی کەنعانی من
لابە توخوا پڕتەوی شەمع و چرا، لەم مەحفەلە
چونکە ئەمشەو هاتە مەجلیس ماهەکەی تابانی من
ئەشکی چاوم جارییە دایم لە هیجری قامەتت
بەڵکوو بێتە ناز و لەنجە سەروەکەی بوستانی من
سەیری چەند شێتە تەبیبم هەر موداوای من ئەکا
چونکە نازانێ کە ماچی دولبەرە دەرمانی من
پێی وتم بەم تیغی ئەبرۆمە سبەینێ ئەتکوژم
تۆ ئەبێ شاد بی کە بوویتە قۆچەکەی قوربانی من
سایەیی گێسووی چەلیپات لابدە جانا لە ڕووت
بۆچ بە زوڵمەت دائەپۆشی چاوەکەم قورئانی من

پەراوێز edit