تا حەیاتم بێ، لە دڵما شەرتە میهرت دەرنەکەم
ڕۆژپەرەستم تا بمێنم سوجدە بۆ ئەختەر نەکەم
پێی وتم دوێنێ ڕەقیبم سەیری دڵبەر بۆ ئەکەی
شەمشەمەکوێرەم کە ڕوو بۆ شەمسەکەی خاوەر نەکەم
بێت و گەر دەستم کەوێ ماچی دەمی تۆ چاوەکەم
ڕووڕەشم گەر تەرکی ئاوی زەمزەم و کەوسەر نەکەم
لەو زەمانەی دیومە من، موژگان و ئەبرۆی دڵبەرم
ڕەببی لاڵ بێ، گەر تەوافی خەنجەر و نەشتەر نەکەم
عەرزی یارم کرد کە بۆچ پەرچەم لەسەر ڕوخسارتە
پێی وتم: بەزمە لەبەرچی عوود لەسەر مەجمەر نەکەم
ڕەسمی عاشق واز لە ڕۆح هێنانە بۆ دڵداری خۆی
ڕووڕەشم من گەر لە ڕێتا تەرکی ڕۆح و سەر نەکەم
بێت و بۆم دەست دا تەماشای پەرچەم و ڕوخساری تۆ
شێتم ئەر تەرکی وەنەوشە و لالەیی ئەحمەر نەکەم
یار بە ئیستیهزاوە فەرمووی ماوی بەم دەردانەوە
لافی عیشقی تۆ درۆیە، من ئەبێ باوەڕ نەکەم