یەخەی خۆی دادڕی گوڵ یار کە مەیلی گوڵستانی کرد
لە داخی قامەتت سەرویش لە باڵای خۆی کەمانی کرد
لە تارمەی ڕوو بە مەغریب خۆی نیشاندا ئەو کڵاولارە
وتم یاران کە حەشرە ڕۆژ لە مەغریب وا عەیانی کرد
ڕەقیب شەرتە لە داخت تەرکی کەم من بەندەییی یارم
دڕک سا مژدە بێ بولبول کە تەرکی ئاشیانی کرد
شەشی ئەیلوول ئەزانن ئێوە ئەی قەومی وەفاکردار
ئەوە ڕۆژێ بوو دوژمن قەتڵوعامی کوردەکانی کرد
بوتی پەیمانشکێن ئەی کافری بێ ڕەحم و بێ مروەت
لە داخت ئەحمەدی بێچارە وا تەرکی ژیانی کرد