ئاڵەکۆک

ئەحمەد موختار جاف add_a_photo
موختار دیوانی ئەحمەد موختار جاف
١٨. هەوری بەهاری بەسیە ئیتر ناڵەناڵەکەت
هەوری بەهاری بەسیە ئیتر ناڵەناڵەکەت
گوڵ عاجزە لە گرمە و ناوچاوە تاڵەکەت
پێموت بڕێژە خوێنی دڵی عاشقت بە زار
دیسان بکە حەنایی سەری پەنجە ئاڵەکەت
حاڵی پەشێوە دڵ بە خەیاڵی دوو زوڵفی تۆ
هەروەک وەنەوشە ملکەچە بۆ تاقە خاڵەکەت
سەیری ڕەقیب کە وەک سەگە بۆ مانگەشەو بە شەو
هەر لوورەلوورییە لە فیراقی جەماڵەکەت
کونکون ببێ دڵی ئەحمەد ئەگەر دەمێ
فاریغ ببێ لە یادی خاڵ و خەیاڵەکەت

پەراوێز edit