ئاڵەکۆک

سالم add_a_photo
سالم دیوانی سالم
٤٠. ئابی حەیاتی منە بووسەیی لێوی حەبیب
ئابی حەیاتی منە بووسەیی لێوی حەبیب
حاڵی مەماتی منە دیدەنی ڕوویی ڕەقیب
شانە لە زوڵفت مەدە جێی دڵی ئاوارەیە
حەیفە بڵا تێک نەچێ، مەسکەنی مسکین غەریب
غەیری لەبت کێ دەکا چارەیی دەردی دڵم
نەبزی من و دەردی من دوورە لە سەعیی تەبیب
دیدەنی ئەبروویی تۆ فیتنەیی شەهری سەفەر
دیدەیی جادوویی تۆ مایەیی حیلە و فەریب
ڕەونەقی گوڵشەن دەچێ شاهیدی گوڵ ون دەبێ
ئاخری ماهی بەهار قوڕ بە سەری عەندەلیب
ئاخری دێ هەر دوو لا دەوڵەت و بێ دەوڵەتی
پەیکی فەنا تەی دەکا هەرچی فەراز و نەشیب
کوفرە ئەگەر دەرکەوێ ڕەخنەیە بۆ دین و دڵ
سوجدە لە ڕووی تۆ دەکەن قازی و شێخ و نەقیب
زیددی یەکن یەک بە یەک نار و خەس، ئاب و نەمەک
شاهید و عەهد و وەفا، سالم و سەبر و شەکیب

پەراوێز edit