چونکە ئەو گۆیی زەنەخدانی هەیە
قامەتم شێوەیی چەوگانی هەیە
دڵ لە زوڵفایە بە ئوممێدی لەبی
هەوەسی چەشمەیی حەیوانی هەیە
تەڕ بکا حەڵقی منی تەشنە بە تیغ
ڕاستە یار ئەر سەری ئیحسانی هەیە
باغ و مەعدەنمە لەب و پوستانی
لەعلی ڕوممانی و ڕوممانی هەیە
وا لە دڵیا سەنەمم مەیلی ڕەقیب
حەیفە وەسواسەیی شەیتانی هەیە
بە زوبان سەعبە بڵێ دەردی دڵی
هەر کەسێ دیدەیی گریانی هەیە
لە عورووجایە گڕی ناری دڵم
تا قەبات جونبوشی دامانی هەیە
وا کە لەب بۆ سوخەن ئەی بەحری خیرەد
دا بڵێن: لەعلی دوڕئەفشانی هەیە
وەکوو فیرعەونە حەبیبم بە ستەم
تا ڕەقیبی وەکوو هامانی هەیە
ڕەشکی چیهرە و لەبی تۆیانە مودام
تا فەلەک شەمس و زەمین کانی هەیە
ئەو کەسەی دەردی بە دڵدا لە موژە
هەر لە شەهدی لەبی دەرمانی هەیە
شێرمەردانە عەلی، بێ بە سەگی،
هەر کەسێ هیممەتی مەروانی هەیە
لێ دە وەک موڕڕە بە ئەنگوشتی غەزەب
هەر کەسێ کینەیی عوسمانی هەیە
نیگەهێ نەی شەهی مەردانی جیهان
سالمی غەمزەدە دیوانی هەیە