لە وادیی فیرقەتا ڕۆژم وەکوو زوڵفت شەوی تارە
بە یادی چاوی بیمارت دڵم دایم بریندارە
مەگەر باعیس بە هیجرانە وە یا لێڵاوە بیناییم؟
کەوا ڕۆژی ڕووناک ئەمڕۆ لە بەرچاوم شەوی تارە
لە فیرقەت نەوگوڵی باغ و بەهاری عاریزی یارم
بە ئەشکی ئاڵی گوڵگوونم سەراپام ڕەنگی گوڵنارە
کە یادی پیرەهەن ئاڵی دەکەم دڵ وا بەتاو دەکوڵێ
سروشکی جۆششی گریانی چاوم ڕەنگی گوڵنارە
ئەگەر ئاهم گەلووگیر بێ لەدەورم شین ئەکەن یاران
هەموو شەو دەفعەیێ ئەم عیللەتە قانوونی بیمارە