تورکی چاوی دڵبەرم وەختی نیگەه تیرئەفگەنە
عاشق ئەر فەرزەن فەرامەرز بێ لە زوڵما بەهمەنە
ڕووبەڕووی دڵ دڵبەرم کێشاویە شەمشێری برۆ
حەلقەحەلقەی سیلسیلەی زوڵفی بەمیسلی جەوشەنە
وەک نیزامی پڕ نیزامم بۆ نیزامی نەزمی شەوق
دڵ لە زیکری گەنجی فیکرا وەختی وەسفت مەخزەنە
جێی موقیمی بۆ نییە یەکدەم لە سەفحەی ڕۆزگار
عاشقی بێکەس وەکوو ماری سیەه بێ مەسکەنە
ڕۆحی عاشق کەی نەجاتی دێ لەبەر تیری نەزەر
گەر لە ئەسبابی مەتانەتدا وەکوو ڕووبینتەنە
زێوەری ئەو دۆشە بێ یاڕەب بە تەوقی گەردنم
گەردەنت چێ یا ئیلاهی مەحکەمیی ئەو دامەنە
خەرمەنی حوسنە عوزاری دڵبەرم ئەمما درێغ
لوتف و ڕەحمی دانەدانە جەور و زوڵمی مەن مەنە