ساقی لە پەردە دەرهات، جامی شەرابی هێنا
دڵ خیرە ما لە حیرەت، مەه ئافتابی هێنا
یەک زەڕە عەکسی پەڕتەو دەرکەوت و تووری سووتاند
ئایینە سەختڕوو بوو لەو عەکسە تابی هێنا
تیماری چاکی سینەم ڕاجیع بە چاوی مەستە
بەختیش موافقی عیشق بۆ من خەرابی هێنا
یارم لە دەر دەروون هات دەستی ڕەقیب لە دەستا
غەمناک و شادمانم ڕەحمەت عەزابی هێنا
بۆ تۆبە سوویی مەسجید هاتم بچم لەڕێدا
بۆ کۆیی مەیفرۆشان عەزمم شتابی هێنا
ڕوو هەر لە من دەپۆشێ وا حاڵییە کە جیبریل
هەر خاسسە بۆ من و ئەو ئایەی حیجابی هێنا
وەهـ وەهـ چ مەجلیسێ بوو دوێشەو لە دیدە و دڵ
دڵبەر شەڕابی گێڕا سالم کەبابی هێنا