ئاڵەکۆک

مەحوی add_a_photo
مەحوی غەزەل
٨٨. شەو کەسێ پرسی
شەو کەسێ پرسی لە خۆ دەرخستنی پەروانە شەو
ئەو وتی: ناتێگەیشتوو! تەجرەبەی مەردانە شەو
هەر سیا بەختانی عیشقە مەزهەری نووری هودان
شەو نەبێ ئەستێرە مەستوورن، بە کەم مەڕوانە شەو
ئەم سیا ڕۆزی منە پۆشیویە عەیبی کەسان
ئاشکارە سەتری ئەحواڵی گونەهکارانە شەو
بۆیە زوڵمەت پۆشە، نووری ئەهلی جەوهەر دەرکەوێ
سەیری حەققی کەن لە سەر ئەم ماه و ئەستێرانە شەو
نەبووە، نابینی لە شەو مەحرەم ترێ تا ڕۆژی حەشر
پەردەپۆشە، هەمدەمە، هەمدەردی عوششاقانە شەو
شەو، هەموو شەو چاوەڕێیە ڕۆژ هەڵێ، هەر ڕۆژهەڵات
مەحوە سەرتاپا لە بەر پێتا فیداکارانە شەو
خودپەرستینە! لە شەو فێری پەرستن بن، کە خۆر
هەر دیاری دا، بە دەوری سەریەدا قوربانە شەو
فیرقەتی ڕۆژە دەروونی کردە داغێکی سیا
وەک منی سەودازەدە ئاتەش زەدەی هیجرانە شەو
گەر فیراق ئاگر هەموو ڕۆژێ لە جەرگی بەرنەدا،
بۆ هەموو شەو تیرە دڵ، سینەی زوخاڵستانە شەو!
تیرەگی وا فەزڵی بۆ نادەم بە سەر ڕووناکییا
مەنشەئی ئیزهاری جیلوەی فەیزی سبحەینانە شەو
هەر لە تاریکی شەوایە ڕێ درێ ئەهلی نیاز
ڕازی دڵ ئیفشا بکەن، خەڵوەتگەهی خاسانە شەو
تێبگە بۆچی بە جانن تالیبی شەو عاشقان:
نیوەشەو بوو، وەعدەگاهی هاتنی جانانە شەو
هێندە ساحێب سڕە، میعراج و شەوی قەدر و بەرات
خاسەجاتی ئەون و مومتازە بەم ئەسرارانە شەو
هەر کەسێ تالیب بە دوڕی مەعریفەت کۆکردنە
پڕ لە دوڕ دەریایەکی بێ مەهلەکەی خنکانە شەو
وەک خزر ئاوی حەیاتی فەیزی حەق عافێتییە
ئەو خودا پێ داوە مەحوی! تا سەحەر ناڵانە شەو

پەراوێز edit