ئەوی ئەمڕۆ بە دەوری تەختیایە هەلهەلەی مەخلووق
لە دەوری نەعشیا سبحەی دەبینێ وەلوەلەی مەخلووق
بە پەل پەل کردنی سبحەی ئەگەر ببووایە باوەڕیان
دەبوو قەت بەم حەدە نەبووایە بۆ دنیا پەلەی مەخلووق
دەخاتە فکری ئەهلی مەعریفەت شێوەیی جەجاڵ الحق
دەبینی بەعزە ئەشخاسێ بە دوویا خەرگەلەی مەخلووق
وەها پڕ فیتنە بوو عالەم کە ئیبلیسێکی وەک ئیبلیس
نەماوە مەئمەنی غەیری کڵیشە و کەڵکەڵەی مەخلووق
لە پەردەی جیلوەیەکتا ڕوونمایە شۆری سەد مەحشەر
نیقابێ لا دە لەو چیهرە، ببینە زەلزەلەی مەخلووق
بە ئاوی تێ گەیشتین ئێمە دنیا، هەر سەرابێ بوو
هەموو دەشچن بە خنکان و لە وشکیشە مەلەی مەخلووق
لە سووقی دەهردا دووکانی هەر کەس موددەتی عومرە
گوهەر دانە بە پشکڵ دانە مەحوی، مامەڵەی مەخلووق