ئاڵەکۆک

مەحوی add_a_photo
مەحوی غەزەل
٤٤. ئەگەر تۆ ڕوو بە خاڵێکی لە «لەیلا» شۆخ و زێباتر
ئەگەر تۆ ڕوو بە خاڵێکی لە «لەیلا» شۆخ و زێباتر،
منیش ئاشفتەحاڵێکی لە «قەیس»م شێت و شەیداتر
بە دڵمە جوێنی ئەو لێوە، لە بۆسە نەشئە بەخشاتر
لە کن تریاکییە ئەڵبەتتە قاوە سەدا لە چا چاتر
لە کۆیا موددەعی دیمی، بە ئیستیهزا وتی: شاهم!
گەدای ئەم کۆیە بم، شاهەنشەهێکم سەد لە شا زیاتر
لە بەر دەرگاهی عیشقا یەکسەرە هەر کەس سەری دانا
ئەگەر پەتیارەیەک بوو، بوو لە سەد عەڵامە داناتر
بنازم بەم شەهی مەه سەیرە بۆ گەشت و گوزاری شەو
سوارێکە، بوراقی تەوسەنە، جیبریلیە شاتر
لە دنیا تێپەڕی هەر کەس بە باڵی هیممەت، ئازایە
لە عوقباش ئەو کەسە گەر تێپەڕی، بازێکە ئازاتر
ئەگەر ئەم ئەهلی دنیایە، وەکوو هەن، ڕێ خەنە جەننەت
دەنائەت زوو دەکا ئەو دونیە لەم دنیایە دنیاتر
کەسی من گەر کەسن، کەس من نەخاتە فکری ئەو شاهە
بە یادی ناکەسان ئازوردە حەیفە خاتیری عاتیر
خودا بیدا بە ڕەحمەت، داغی دڵ چاوی دڵە مەحوی
بە گریە چاو ئەگەر چوو، شک دەبەم چاوێکی بیناتر

پەراوێز edit