ئاڵەکۆک

مەحوی add_a_photo
مەحوی غەزەل
١٢٤. سەر کە جۆشێکی نەبێ
سەر کە جۆشێکی نەبێ، من زرکە تاڵم بۆ چیە!
دڵ کە هۆشێکی نەبێ شیشەی بەتاڵم بۆ چیە!
دەرد و داغێکی دەروونی گەر ببێ، با ڕەنگ و ڕوو
سیس و موغبەڕ بێ، کەماڵم بوو جەماڵم بۆ چیە!
تەجرەبەی عاشق بە سووتانی دەکرد ئەو زاڵمە
سەیری کەن ئێستا دەڵێ: مشتێ زوخاڵم بۆ چیە!
پێیی بە سەرما نا کە بوومە خاکی ڕێی، گەردم شوکر
گەییە داوێنی، دەڵاڵی بای شەماڵم بۆ چیە!
داخی سینە و پێچ و تابی دوودی ئاهم خۆ هەیە
مۆر و توڕڕەی ئینپەراتۆر و قەڕاڵم بۆ چیە!
خەڵق ئەوا مەجبووری دوو خۆخستنی خەڵقن بە جان
من بە دڵ مەنفوورمە، ڕوتبەی جەجاڵم بۆ چیە!
ماڵە پیتکێنێیە ماڵ و گەینە حاڵی خۆیە حاڵ
من کە وا حاڵی بم، ئیتر ماڵ و حاڵم بۆ چیە!
پڕ بە پێ زنجیری شێتی، داغی سەودا پڕ بە سەر
سەیری حاڵی خۆمە، سەیری زوڵف و خاڵم بۆ چیە!
دەردەدار ئەڵبەت زوبانی دەرد و حەسرەت تێ دەگا
چاوی بیماری دەزانێ، ناڵە ناڵم بۆ چیە!
دڵ گلە و شەکوەی لە ئەشکەنجەی عەزابی زوڵفی یار
کرد و ئەو فەرمووی: ئەی زنجیری زاڵم بۆ چیە!
حاڵە بەدحاڵی لە شوێن و ماڵە وێرانی لە دوو
مەحویا! گەر ئەهلی حاڵی، حاڵ و ماڵم بۆ چیە!

پەراوێز edit