ئاڵەکۆک

حاجی قادری کۆیی add_a_photo
حاجی قادر مەسنەوی
٥. حاکم و میرەکانی کوردستان
حاکم و میرەکانی کوردستان
هەر لە بۆتانەوە هەتا بابان
یەک بە یەک حافیزی شەریعەت بوون
سەییدی قەوم و شێخی میللەت بوون
سەیید و شێخەکان لە ترسی ئەوان
مونزەوی بوون و زاکیری ڕەحمان
هەر کە فەوتان ڕیای ئەوان دەرکەوت
سەیری چۆن بوونە پووش و ئاگر و نەوت
یەکێ لەم لاوە ڕوو دەکاتە عەجەم
دوو لە ئەو لاوە دەبنە دوژمنی هەم
دوو هەزار ژن فەساد کرا لەم لا
بوونە قاتیل ئەوانی تر لەو لا
یەک بە یەک بوونە نائیبی هەمەوەند
ساحیبی مارتین و ماری گەزەند
میللەتیش هێند کەرن وەکوو جاران
دەستیان ماچ دەکەن دەڵێن قوربان
گەر لە سەحرا مەلا نەمردایە
گورگەشین با کەری بخواردایە
شێری دڕڕەندە وەک لە بێشە نەما
گورگ و مام ڕێوی دێنە ڕەقس و سەما
من لە غەمخواری ئەم قسانە دەکەم
وەرنە پەشمە لەلام هەموو عالەم
ئەم قسەی ئێستە عەیبی لێ دەگرن
ئەو دەمەش دێ کە ئێوە بۆی دەمرن
ئەم بە ئەو، ئەو بە ئەم دەڵێ کاکە
سەیری قانوونی حاجی چەند چاکە!
هەر چلۆنێ ئیشارەتی فەرموو
وەک کەرامەت هەمووی وەها دەرچوو

پەراوێز edit