ئاڵەکۆک

هێمن add_a_photo
هێمن شیعری ناو گۆڤارەکان
٨. دەمەتەقەی دوو خوێنمژ!
سیراج ئۆغڵوو:
یاخوا بەخێرێی سەرچاوەکانم
خوا دەوامت دا ئارامی گیانم
نوری سەعید:
خۆ بێ ئەزیەتی، ئەلحەملای چاکی
قەزا و بەڵا دوور بۆ وا خەمناکی
سیراج ئۆغڵوو:
چۆن خەمناک نەبم زۆر پیس قەوماوە
دیسان کوردەکان زۆریان هێناوە
هەموویان داوای حەقی خۆ دەکەن
گەف و هەڕەشە لە من و تۆ دەکەن
دەڵێن ئەو خاکە خاکی کوردانە
نایەڵین چیدی بیخوا بێگانە
خۆ تۆش دەزانی کە کوردەواری
لە قیسمان بچی تووش دێین هەژاری
گەنم و جۆی ئەوە رزق و بژیومان
بەنەوتی ئەوە ڕووناکە دیومان
ئەو گەنمە نەبێ لە برسان دەمرین
ئەو نەوتە نەبێ شەوکوێری دەگرین
تەدبیرێک بکە هەتاکو زووە
تا هەل و فرسەت لە دەس نەچووە
نوری سەعید:
لەمنت نەکەوێ بۆ دابزڕکاوی
بۆچی وەکو کەر لە قوڕێ ماوی
ئەتو لەکنەخۆت تورکی خوێنمژی
بەدفەڕ، شەڕانی، ڕێگر، پیاوکوژی
تورکی لەوەی پێش وا خوێڕی نەبوون
وەک گورگی برسی بە خشەوە دەچوون
هەر ئێوە نەبوون لە دەورەی کەمال
لاقی کوردانو دەگرت وەک گەماڵ
ژن و منداڵ و گەورەتان کوشتن
خوێنی ملیۆن و نیوێکو ڕشتن
ئێستاش نەچووە بچی وەخۆکەونەوە
گەورە گەورانیان لەدار دەنەوە
بیانگرن بیانکوژن بیانخەنە نێوبەند
ئەفەندم بەسم ئەتۆ بدە پەند
سیراج ئۆغڵوو:
منیش بەشی خۆم جەزرەبەم داون
بەڵام داخەکەم دانەمرکاون
کورد گیایەکە هەر چەندی بیدروون
هەڵدەداتەوە دیسان هەڵەسوون
تەدبیرێکی دی بکە ئەفەندی
یابا عەجایب بۆ وا دڵمەندی
نوری سەعید:
برا مام ئینگلیس ئاغای خۆمانە
هەتا ئەومان بی خەمی چیمانە
پەنای بۆ دەبەین دەیانکا چارە
فریویان دەدا بەپوول و پارە
بۆیان ساز دەکا سەد شێخ و مەلا
بەسەریان دێنێ سەد دەرد و بەڵا
عەشیرەتەکان دێنێتە ژێر بار
بەدرۆ و دەرەسە بەپوول و دینار
سیراج ئۆغڵوو:
عەجەب تەرتیبێک دەستت بە...
وەڵاتت پیس کرد هەستە لەکنم
باوی نەماوە کەڵەک و دەهۆ
کورد فریو ناخوا ئەبەدی بەدرۆ
کوردی ئەو عەسرە هێندە شەیتانن
ئەمن و توو و چەرچل بەکەر دەزانن
وا لامەزهەبن کوردی ئەو دەورە
نەشێخیان ماوە نە مەلای گەورە
عەشیرەتەکان هەستان لە خەوێ
پشتیان لێک بەستووە ئازادیان دەوێ
نوری سەعید:
کەوابێ برا سەڵا لە خۆمان
مانگامان مرد و بڕاوە دۆمان
گۆڤاری هاواری نیشتمان، ژمارە ١، ساڵی یەکەم، خاکەلێوە ١٣٢٥- ٢٠ مارس ١٩٤٦

پەراوێز edit