ئاڵەکۆک

هێمن add_a_photo
هێمن تاریک و ڕوون
٩. تۆم هەر لەبیرە

لە شاییدا لە وەختی هەڵپەڕینا

لە خۆشیدا لە کاتی پێکەنینا

لە کۆڕی ماتەم و گریان و شینا

ئەمن ئەی نیشتمان تۆم هەر لەبیرە

بەشەو تاکو بەسەرما زاڵ دەبێ خەو

بەڕۆژ تاکو دووبارە دێتەوە شەو

لە کاتێکدا کە دەدوێنم ئەم و ئەو

ئەمن ئەی نیشتمان تۆم هەر لەبیرە

زەمانێکی کە دەچمە سەیری گوڵزار

لەگەڵ پۆلی ڕەفیقانی وەفادار

تەنانەت وەختی دەسبازی لەگەڵ یار

ئەمن ئەی نیشتمان تۆم هەر لەبیرە

لە کوێستانێ دەمی ڕاو و شکارێ

لە مەزرایە کە خۆم هەڵکرد لە کارێ

لە جێژوانێ کە دەکوشم مەمکی یارێ

ئەمن ئەی نیشتمان تۆم هەر لەبیرە

دەکەم تەرخان لە ڕێی تۆدا ژیانم

لە سەنگەردا بەرەو ڕووی دوژمنانم

بەخاکی تۆ دمی ئاویلکەدانم

ئەمن ئەی نیشتمان تۆم هەر لەبیرە

شیلان ئاوی - ١٩٤٤/١٣٢٣

پەراوێز edit