ئاڵەکۆک

هێمن add_a_photo
هێمن تاریک و ڕوون
٨٢. لە کوێوە بۆ کوێ؟ (بەشی ٤)
ھەرچەند لەو ساڵانەدا حیزبی دیموکراتی کوردستان لەژێر تەئسیری حیزبی تودەی ئێراندا بوو و ئەوەندە بەرەو خەباتی چینایەتی دەڕۆیشت کە لە خەباتی نەتەوایەتیدا کەمتەرخەمی دەنواند و ئەوەندە بۆ ڕووخاندنی کۆنەپەرستی و دامەزراندنی دیموکراتی لە ئێراندا تێ دەکۆشا کە ئەستاندنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردی لە پلەی دووەم دادەنا، بەڵام دیسان بە پشتیوانی چین و توێژە چەوساوەکانی گەلی کورد پشت ئەستوور بوو.

من ھەرچەند بەپێی توانای خۆم لەو خەباتەدا بەشدار بووم. بەڵام لەبەر نەبوونی چاپەمەنی کوردی نەمتوانی ھونەرەکەم وەک پێویستە لە ڕێگای خزمەتی گەلەکەمدا لەکار بێنم. لەوکاتەدا کە ڕۆژنامەکانی فارسی بە نەھێنی بڵاو دەبوونەوە و پۆلیس نەیدەتوانی بیان دۆزێتەوە، بێگومان دەشکرا چاپەمەنی کوردی بڵاو بێتەوە. بەڵام بەڕێوەبەرانی ئەو سەردەمی حیزب لەبەر بێ ئەزموونی ئەوەیان بەلاوە گرینگ نەبوو.

ئەودەمیش بڕوام وابوو و ئێستاش ھەر لەسەر ئەو بڕوایەم کە دەبێ زەحمەتکێشانی کورد بە زمانی خۆیان بدوێنین و دەبێ ڕووناکبیرانی کورد بە زمانی ساکارترین ئینسانی کورد مەسایلی سیاسی و کۆمەڵایەتی بنووسن و کۆمەڵانی گەلەکەیان ڕێنوێنی بکەن. بەڕاستی ھەم لەباری خزمەتکردن بە زمان و ئەدەبی کوردی و ھەم لە باری ڕووناک کردنەوەی بیروڕای سیاسی چینە چەوساوەکانی کوردستان ھەلێکی گەورەمان لەدەست دا.

حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ئێران بەتایبەتی حیزبی تودەی ئێران و جەبھەی میللی و پیاوە ئازادیخوازە سەربەخۆیەکان خەباتێکی ڕێکوپێکیان دەست پێکردبوو. ڕۆژنامەکان حەقایقیان ڕوون دەکردەوە و تاوانەکانی ڕێژیم و گەندەڵ فێڵی ئیمپریالیزمیان ئاشکرا دەکرد. کۆنەپەرستی لە مێژینەی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ پاشەکشەی دەکرد و سەنگەرەکانی لێ دەستێندران. دەوڵەتەکانی دەستکردی ئیمپریالیزم و نوێنەری کۆنەپەرستی خۆیان نەدەگرت و یەک بە دووی یەکدا دەڕووخان. ڕەزم ئارا ئەفسەری بەھێز و بەدەستەڵاتی ئەرتەشی ئێران وەک ئاخرین تیری تەرکەشی کۆنەپەرستی ھاتە سەر کار. بەڵام بێگومان ئەگەر نەشکوژرابا نەیدەتوانی بەری لافاوی بە تەوژمی خەباتی ئازادیخوازان بگرێ و قازانجی شیرکەتی نەوت بپارێزێ و دەستەڵاتی دەرباری کۆنەپەرست و سەر بە ئیمپریالیزم بێنێتەوە سەر دەقی جاران و ئەویش ھەر تێدا دەچوو و مێژووش ڕێگای خۆی ھەر دەبڕی.

خەباتی شێلگیر و بێ وچانی گەلانی ئێران نیشتمانپەروەری بەناوبانگ دوکتور موسەدیقی ھێنا سەر کار. ئەو پیاوە بەجەرگ و نەبەزە خەباتی گەلانی ئێرانی ژیرانە ڕابەری کرد و توند بەگژ ئیمپریالیزمدا چوو. سەنگەرەکانی یەک یەک پێ بەتاڵ کرد تا بە جارێکی پشتی شکاند و نەوتی ئێرانی میللی کرد و دەستەڵاتی شوومی شیرکەتی نەوتی ئینگلیسی لەناو برد کە لەمێژساڵ بوو وەک دەوڵەتێکی گچکە و بەھێز لەناو دەوڵەتی بێ ھێزی ئێراندا ڕەگی داکوتابوو.

بە بڕوای شەخسی من ئەو پیاوە مەزنە ھەڵەیەکی مێژوویی کرد، ئەویش ئەوە بوو ئەوەندەی بەگژ دوژمنی دەرەوەدا چوو بەگژ دوژمنی ناوخۆدا نەچوو. ئەو کەسەی لە ڕۆژی ٣٠ی پووشپەڕی ١٣٣١دا ئەو فیداکاری و گیانبازی و پشتیوانییەی لە گەلانی ئێران دیبوو نەدەبوو بەسەر کۆنەپەرستییەوە بچێ و دەبوو ڕەگوڕیشەی دەربھێنێ. کۆنەپەرستی لە ھەموو شوێنێکی جیھاندا بۆ پاراستنی دەستەڵاتی خۆی دەست لە ھیچ تاوانێک ناگێڕێتەوە. بۆیە دەبێ ئازادیخوازانیش لە دەرفەتی ئەوتۆدا دەستی لێ نەپارێزن. دەیتوانی ھەر لە ڕۆژەکانی پاش ٣٠ پووشپەڕی ١٣٣١دا شوێنەواری کۆنەپەرستی لە ئێراندا نەھێڵێ و ئەوەندەی بێ ھێز بکا کە نەتوانێ ڕاست بێتەوە و سەرلەنوێ وەک داردەستی ئیمپریالیزم بێتەوە سەر کار.

بەدرێژایی حکوومەتی دوکتور موسەدیق کۆنەپەرستی لە ئێراندا بەرەو کەم ھێزی دەچوو و لە ھێندێک جێگادا تەواو بێ دەستەڵات ببوو. بەڵام بەداخەوە لە کوردستاندا ھەرچەند ھێز و گوڕی جارانی نەبوو ھێشتا بەتەواوی لێ نەکەوتبوو.

ئەرتەش بە پشتیوانی دەرەبەگەکانی خۆوڵاتی زۆرجار بەرەنگاری خەباتی گەلی کورد دەبوو و زەبری لێ دەوەشاند.

جووتیارەکانی کوردستانی ئێران لە ساڵی ١٣٣١-١٩٥٢دا لە دژی زوڵم و زۆر و چەوساندنەوەی دەرەبەگەکان ڕاپەڕین و بۆ یەکەم جار لە مێژووی کوردستانی ئێراندا ناتەبایی چینایەتی گەیشتە ڕادەی تەقینەوە و چینی چەوساوەی وڵاتەکەمان بۆ ماوەیەکی کورت لە بەشێکی کوردستاندا توانی بەسەر چینی دەستەڵاتداردا زاڵ بێ.

جووتیارەکان ھەر بەھێزی خۆیان توانیان لە بەری فەیزوڵڵابەگیان و چۆمی بۆکان و چۆمی مەجیدخان و شامات و بەشێکی محاڵ بێ خوێن ڕێژی و ئازاردان و خراپە لەگەڵ کردن ئاغاکان لە گوندان دەربکەن و بەخاووخێزانەوە لە شاری بۆکانیان پەستێون و لەوێشدا گەمارۆیان بدەن و بە پەلە خەریکی چەکداربوون بن.

بێگومان ئەگەر لەو سەردەمەدا ڕابەرایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان درۆشمی خەباتی چەکدارانەی ھەڵبگرتبایە و ئەزموونی شۆڕشگێڕانەی ھەبایە و جڵەوی ئەو ڕاپەڕینەی بەدەستەوە گرتبایە و چین و توێژەکانی دیکەی بۆ یارمەتی و پشتیوانی جووتیاران ھان دابایە، ئەو ڕاپەڕینە زۆر زوو دەبوو بە ناوەندی شۆڕش. شۆڕشێکی ڕەسەن و بەرین، شۆڕشێکی سەرانسەری کوردستان و لەوانەبوو زۆر زوو بتوانێ مافە ڕەواکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی ئێرانێکی دیموکراتدا بچەسپێنێ و جووتیارانی کوردستان ڕزگار بکا. داخی گرانم ئەو ھەلە لەبارە و ئەو دەرفەتە باشە کەڵکی لێ وەرنەگیرا. بێ ئەزموونی خۆمان پتر لە ھەموو ھۆیەک شۆڕشی کوردستانی ئێرانی وەدواخست. چین و توێژەکانی دیکەی کوردستان یارمەتی ڕاپەڕینی جووتیارانی کوردستانیان نەدا و دەستیان لەسەر دەست دانا.

سەرتیپ موزەفەری فەرماندەی تیپی مەھاباد بە سوپا و لەشکر و تانک و تۆپەوە بە ھاواری دەرەبەگەکانەوە چوو و ڕاپەڕینی جووتیاران و وەرزێرانی زۆر بێ ڕەحمانە و بە توندی سەرکوت کرد.

دەرەبەگەکانی فەیزوڵڵابەگی و دێبوکری بە پشتیوانی ئەرتەش و یارمەتی قوڵەئاغاکانی محاڵ و شاروێران لە وەرزێران وەخۆکەوتن. لێیان دان، دەریان کردن، تاڵانیان کردن و کوشتیانن و لاشەی دەیان وەرزێری شۆڕشگێڕ و تێکۆشەریان بە چۆمی بۆکان دادا.

حکوومەتی نیشتمانی موسەدیق نەیتوانی پێشی ئەو تاوان و جینایەتە ئاشکرایە بگرێ. حیزبی تودەی ئێران بەو ھەموو ھێزەی کە ئەو سەردەمی ھەیبوو نەیتوانی ئەو ڕاپەڕینە بپارێزێ و بچووکترین یارمەتی پێ بگەیەنێ.

جارێکی تر بە چاوی خۆم تێشکانی ڕەسەنترین ڕاپەڕینی گەلەکەم دی. ئەگەر گوتم ڕەسەنترین ڕاپەڕین پێم وایە بە ھەڵە نەچووم، چونکە ئەو ڕاپەڕینە لەناو زەحمەتکێشترین چینەکانی خەڵکی کوردەواری و لەخۆوە ھەڵقوڵیبوو. یەک دوو کەس نەبێ نوێنەری ھیچ چین و توێژێکی کوردستان تەنانەت وردە بۆرژوازیشیان لەگەڵ نەبوو. ڕاستە بەشی زۆری ئەو وەرزێرانە ئەندامی بەوەفای حیزبی دیموکراتی کوردستان و دۆستی بەئیمانی حیزبی تودەی ئێران بوون. بەڵام بەداخەوە ڕابەرایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان درەنگ جوولایەوە و نەیتوانی ئەو ڕاپەڕینە ڕەسەنە بەچاکی بەڕێوەبەرێ. بێگومان ئەگەر ئەو ڕاپەڕینە باش ڕابەری کرابا لەو کاتەدا کە کۆنەپەرستی لەوپەڕی بێ ھێزیدا بوو زۆر زوو دەیتوانی ھەموو کوردستان بتەنێتەوە و ببێتە سەرەتای شۆڕشێک کە پێم وایە درێژخایەن نەدەبوو.

لە ساڵی ١٣٣٢دا خەباتی گەلانی ئێران بەڕابەرایەتی موسەدیق سەرنجی دنیای بۆ لای خۆی ڕاکێشا و موسەدیق بە یەکەم شەخسی ساڵ ناسرا.

خەباتی حیزبی دیموکراتیش بارێکی لەبارتری بە خۆیەوە گرت و تا ڕادەیەکی زۆر پێشی چەپڕەوی منداڵانە کە ڕاست و ڕاست بە قازانجی کۆنەپەرستی تەواو دەبوو گیرا.

منیش پاش چەند ساڵ تووشی لاوێکی ڕووناکبیر و تێکۆشەری کورد ھاتم کە چونکە ئازادیخوازێکی شێلگیر بوو بڕوای بە چارەسەرکردنی مەسەلەی نەتەوایەتی ھەبوو و لە زمانی یەک دەگەیشتین.

من لەمێژ بوو ھاوارم دەکرد، بابە ڕاستە ڕۆژنامەکانی سەر بە حیزبی تودە ڕۆژنامەی چاک و بەکەڵکن (بەڕاستیش وا بوون)، بەڵام دەردی ئێمە دەرمان ناکەن. بەشی زۆری گەلەکەمان فارسی نازانێ و لە مەبەستی ڕۆژنامەکان ناگا و لەسەر مەساییل ڕوون نابێتەوە، بەڵام بەداخەوە زۆرم گوێ نەدەدرایە و تەنانەت چەپڕەوی وامان ھەبوون کە لە عەینی نەخوێندەواری و نەزانیدا گاڵتەیان بەو جۆرە بیروبڕوایە دەکرد و بەردیان لە ئەژنۆی خۆیان دەدا.

ئەو لاوە لە قسەم گەیشت، دەستەڵاتیشی زۆر بوو. بڕیارمان دا ڕۆژنامەی «کوردستان» ڕۆژنامەی حیزبی دیموکراتی کوردستان یادگار و خۆشەویستی پێشەوای نەمرمان سەرلەنوێ چاپ بکەینەوە و بە زمانی ساکاری کوردی لەگەڵ زەحمەتکێشانی گەلەکەمان بدوێین و لەسەر مەساییل ڕوونیان بکەینەوە. خەریک بوو ئاواتی لەمێژینەی من بێتە دی، کە بەداخەوە کودێتای شووم و ڕەشی ٢٦ی گەلاوێژ بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لێکی جوێ کردینەوە و وەک بابردەڵە ھەریەکەی بۆ لایەک ھەڵداشتین.

ئەو لاوە تێکۆشەرە پاش چەند ساڵ ئاواتی منی ھێنا دی و توانی ڕۆژنامەی کوردستان چاپ و بڵاو بکاتەوە. چوار ژمارەی ئەو ڕۆژنامەم پێگەیشت. بەڵام ژمارەی پێنجی ھەرگیز نەگەیشتە دەستم، چونکە ئەو کەسەی ڕۆژنامەکەی بڵاو دەکردەوە بەخۆی و ڕۆژنامەکەیەوە گیرا و ھەموو ژمارەکانی لەناو چوون. من ئەگەرچی زۆرم پێ خۆش بوو لەگەڵ ئەو ڕۆژنامە ھاوکاری بکەم و شتی بۆ بنووسم، ھەلومەرجێکی نەھێنی ئەوتۆ لەگۆڕێدا بوو کە پێ ڕانەگەیشتم ھیچی بۆ بنووسم.

زۆر شت لەسەر کودێتای ڕەش و شوومی ٢٨ی گەلاوێژ نووسراوە و گوتراوە و دووپاتەکردنەوەیان لێرەدا بێ جێیە. بەڵام چونکە ئەو کودێتایە تەئسیری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی من ھەبووە و منیش یەکێکم لەو کەسانەی وەبەر پەلامار ھاتم و زۆرم ڕەنج و کوێرەوەری و ئازار دیت و گەلێکم زیانی ماڵی پێگەیشت و دەرد و سزام چێشت، ویستم ھەروا بەسەریدا تێنەپەڕم.

لە ڕیفراندۆمی موسەدیقدا ھێزی کۆنەپەرستی و ھێزی ئازادیخوازی زۆر باش ڕادەی دەستەڵاتیان دەرکەوت، بەتایبەتی لە کوردستاندا، بۆ نموونە لە شاری مەھاباد کە دەنگدان ئازاد بوو و وەک گوتم ھێشتا کۆنەپەرستی و ئەرتەش کەم تا کورتێک جوولەیان مابوو، تەنیا دوو کەس بە قازانجی دەربار دەنگیان دا، ئەویش وەک شاھیدێکی زیندوو ئاگام لێ ھەیە لاوێکی زۆر پاک و چاک لە داخی چەپڕەوی ئەندامێکی بێ کەڵکی حیزب دەنگی دا و پتر لە پێنج ھەزار دەنگ بە قازانجی موسەدیق درا. بەوەڕا دیارە خەباتی دژی ئیمپریالیستی چەندەی پەرە گرتبوو.

خەڵک لەمێژبوو خەریک بوو جێژنی دامەزراندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان بگرێ. کەچی خواوڕاستان لەڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٣٢دا جێژنەکەیان بوو بە دوو جێژن. لەو ڕۆژەدا بوو کە شا لەبەر تەوژمی شەپۆڵی تووڕەیی خەڵک خۆی نەگرت و ڕای کرد و بەرەو بەغدا ھەڵات. لەوێش نەگیرساوە و ھەی دێ بۆ ئیتاڵیا. بەڕاستی ڕۆژێکی خۆش بوو.

دوکان و بازاڕ داخران و خەڵک ڕژانە ناو کووچە و خەیابان. بوو بەھوڕاکێشان و چەپڵەڕێزان و سەما و ھەڵپەڕین. ژن و پیاو و گەورە و بچووک لەو زەماوەندەدا بەشداربوون. کۆبوونەوەیەکی گەورەی حیزبی لە مەیدانی شار کرا. منیش پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان بۆ یەکەم جار شێعرم بۆ خەڵک خوێندەوە. دیارە شێعرەکانم بەپەلە دروست کردبوو و لە باری ھونەرییەوە زۆر باش نەبوون، بەڵام چونکە ئیلھامم لە خەڵک وەرگرتبوو و بۆ خەڵک بوون، دوو سەعات پێ نەچوو گەورە و بچووک و ژن و پیاو و منداڵی شارەکەمان سەربەندی شێعرەکەمیان دەخوێندەوە و دەیانگوت «دەبڕۆ ئەی شاھی خائن بەغدا نیوەی ڕێیەت بێ».

سێ ڕۆژان دەنگی دەھۆڵ و زوڕنا و تریقەی پێکەنین و ڕمبەی ھەڵپەڕین لە مەھاباد نەبڕایەوە. بەڵام بەداخەوە ئەم کەیف و نەھەنگ و بەزم و زەماوەندە زۆری درێژە نەکێشا و ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٣٢ کودێتای شووم و ڕەش و دژی گەلی - دالیس - ئەشرەف - زاھیدی سووک و ھاسان سەرکەوت. زاھیدی ئەو ئەفسەرە فاشیست و کۆنەپەرستەی کە ڕۆژگارێک بەتاوانی جاسووسی ئاڵمانی نازی لەلایەن ئینگلیس و ئەمریکاوە گیرا. ئێستا بەقازانجی ئەوان و دەرباری کۆنەپەرست ڕابەری کودێتای بەدەستەوە گرت و بەسەرکردەیی ژمارەیەکی کەم لە ئەفسەرانی کۆنەپەرست و دەرکراوی ئەرتەش و دەستەیەک پیاوخراپ و کەتەوکۆشە و بەپشتیوانی ئیمپریالیزمی ئینگلیس و ئەمریکا توانی جوولانەوەی ئازادیخوازی پەرەگرتوو و بەربڵاوی ئێران سەرکوت بکا و دەوڵەتی نیشتمانی موسەدیق بڕووخێنێ و دەستەڵات بداتەوە دەست کۆنەپەرستی و شای ڕاکردوو، شای بەزیو و شای خوێنڕێژ و پیاوکوژ بگەڕێنێتەوە سەر تەختی شوومی پاشایەتی و ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژ بکا بەسەرەتای سەردەمێکی ڕەش و شووم و خوێناوی مێژووی ئێران.

من بۆ خۆم پێم وانەبوو کۆنەپەرستی بە ھەڵاتنی شا لە ئێراندا بنەبڕ دەبێ و ئیمپریالیزمی جیھانی وا سووک و ھاسان دەست لە خەزوبەز و خێروبێری ئێران ھەڵدەگرێ، بەڵام قەت خەیاڵیشم نەکرد وا بە ھاسانی زاڵ بێتەوە. چونکە جوولانەوەی ئازادیخوازی ئێران زۆر بەھێزتر لەوە دەھاتە پێش چاو.

من نامەوێ بچمە قووڵایی مەسەلەکەوە. بەڵام ئەوەندە دەڵێم ئەگەر ڕابەرانی جوولانەوەی ئازادیخوازی لە تاران وەدەست دەھاتن و بەرەنگاری کودێتاچییەکان دەبوون، ھەرگیز کۆنەپەرستی نەیدەتوانی بەسەر جوولانەوەی ئازادیخوازیدا زاڵ بێ و شا بگەڕێتەوە ئێران و وڵاتەکەمان بکاتە گۆمی خوێن و ئەو ھەموو ئینسانە بەشەرەفە بکوژێ و ئەو ھەموو خوێنە پاکانە بڕێژێ و ئەو ھەموو خەیانەتە بە گەلانی ئێران بکا.

پاش نیوەڕۆی ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژ زۆر بە زەحمەت توانیم خۆم دەرباز بکەم و لە مەھاباد وەدەرکەوم و ملی چیا بگرم. ماوەیەکی زۆر بە کێوانەوە بووم، شەوانە خۆم لە گوندێک دەکوتا و نان و ئاوێکم دەخوارد و بە ڕۆژ وەچیا دەکەوتم.

پۆلیس زۆر بە توندی لێم دەگەڕا و ھەڕەشەی کوشتنی لێ دەکردم. بەڵام شوێنی بۆ ھەڵنەدەگیرام. ئەوەش لە سایەی یارمەتیدانی خەڵک بوو. ھەموو کەس ڕای دەگرتم، نانی دەدامێ، دەیشاردمەوە، تەنانەت ئەوانەی زۆر بە شاپەرست مەشھوور بوون بەڕاستی چاکەیان لەگەڵ کردم و زۆریان مەمنوونم. بەڵام بۆیە ناویان نابەم بۆخۆیان ڕەنگ بێ پێیان باش نەبێ.

پۆلیس کە دەستی وەمن ڕانەگەیشت کەوتە ئازاردانی بابم. ئەوە منی زۆر ناڕەحەت کرد. بابێکی پیر و موحتەرەم کە ماڵی پەناگای لێقەوماوان بوو، ئێستا لەسەر من سووکایەتی پێ دەکرا. ئێستاش کە ئەوەم وەبیردێتەوە ناڕەحەت دەبم. بەوەشەوە ڕانەوەستان و گیشەی گوندەکەیان تێکڕا سووتاندین.

وڵاتی ئێمە زۆر کوێستانە. ساڵی وا ھەیە پێنج مانگ بەفر عەرز بەرنادا و حەیوان و ئاژەڵ لەسەر ئاخوڕ و دانگەیە. لەبەرئەوە ناچارە گیا و وێنجە و کۆدە و گزرە و تفاقێکی زۆر داخا. بەداخەوە لە قەدیمەوە عادەتێکی خراپ لە کوردەواریدا ھەیە ھەر کەس ڕقی لە یەکێک ھەستا و بە ئاشکرایی نەیوێرایە گیشەی دەسووتێنێ. پیاوەکانی پۆلیس بە دزی گیشەی گوندەکەی ئێمەیان کە بەسەر یەکەوە داندرابوون ئاگر تێ بەردا. بێگومان زەرەری ئەو سووتمانە لە سەد ھەزار تمەن زیاتر بوو. ئێستاش کە وەبیرم دێتەوە خەڵکی ھەژار و زەحمەتکێش و بێ تاوان لە سۆنگەی مندا ئەو ھەموو زیانەیان پێگەیشت و بەرھەمی شان و پیلیان بوو بە ژیلەمۆ و ئاژەڵە بەستەزمانەکانیان بێ تفاق مانەوە، کزەم لە جەرگی دێ و لەکن ویجدانی خۆم شەرمەزار دەبمەوە و خۆم بە پشیلەی ڕەجەبە شێت دەزانم.

پاش ٢٨ی گەلاوێژ زۆر لە ئەندامانی حیزب ڕوویان لەنێو مەنگوڕان کرد. عەشیرەتی مەنگوڕ بە پانەوە، بە ئاغا و ڕەعیەتەوە، بە نەدار و دەوڵەمەندەوە باوەشیان بۆ کردنەوە.

ھەرچەندە ھێندێک لە تێکۆشەران پێشنیاری ھەڵاییساندنی شۆڕشی چەکداریان دا و لە بیرمە کاغەزێکم بۆ ھات کە چاوەنۆڕ بە بەو زووانە چەک بڵاو دەکەینەوە و شۆڕش دەست پێ دەکرێ، بەڵام چ باس نەبوو. بێگومان لەو وەختەدا کە عەشیرەتی مەنگوڕ لەو شوێنە سەخت و قایمەدا ھاوکاری حیزبی دەکرد، دەس پێکردنی شۆڕشی چەکدارانە کارێکی محاڵ نەبوو. پێم وایە دەوڵەت ھەستی بەوە کرد و گیراوەکانی بەردان و خەڵکی دامەزراندەوە. منیش پاش چوار مانگ دەربەدەری توانیم بچمەوە ماڵی خۆم و دامەزرێمەوە. لەو ماوەدا بەڕاستی ڕەنج و کوێرەوەرییەکی زۆرم دی و ھێز و توانام لەدەست دا.

ئەوە بوو بەسەرھاتی منداڵی و لاوی من. چونکە ڕەنج و کوێرەوەری ژیان لە ٣٠ ساڵیدا منی پیر کرد، سەر و ڕیشم بۆز بوو، ددانم شاش و واش بوون، چاوم حوکمی کەم بوو، ھێز و توانام ڕۆژ بە ڕۆژ لە کەمایەسیدا، ھەموو شتم بەرەو نەمان چوو. بێجگە لە ھەستی شاعیرانەم کە بە بڕوای خۆم تا ئێستاش ھەر لە زێدەیییە و کەمی نەکردووە.

لە ساڵی سی و دووڕا ھەمیشە لەژێر چاوەدێری پۆلیسدا بووم و پۆلێکم جاسووس لە دەوروبەری گەڕاون.

ساڵی ١٣٣٨ ساڵێکی زۆر شووم بوو لە مێژووی ژیانی مندا. لەو ساڵەدا سازمانی ئەمنیەت گەورەترین زەبری لە حیزبی دیموکراتی کوردستان و جوولانەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کورد وەشاند، کە بێگومان لەو سەردەمیدا دەکرا بە بەھێزترین ڕێکخراوی سیاسی ڕێکوپێکی ئێرانی بزانی.

منیش لەو سەردەمەدا تووشی نەخۆشییەکی ڕووحی ھاتم. ناھومێدییەکی ڕەش ئاسۆی ژیان و بیرکردنەوەی داگرتم. ئەو ناھومێدییە زۆر جار تا حاڵی خۆکوشتن پاڵی پێوەنام. نامەوێ ئەو تاوانە باوێژمە سەر ئەستۆی کەس. بەڵام ئەوەندە دەڵێم ناتەبایی و ناکۆکی ناو خێزان و بنەماڵەی خۆمان زۆری کار کردە سەر من. ھەڵەی وام کردن کە نەدەبوو بە ھیچ نرخێک بیانکەم و بەسەر پەلی وادا کەوتم کە دەبوو خۆیان لێ بپارێزم. دوو ساڵی زۆر تاڵ و تفت و پڕ ڕەنج و کوێرەوەریم ڕابوارد و ھەزارجار مەرگم بە ئاوات خواست. بەڵام لەپڕ ئەو مژوھەورە ڕەوی و گزنگی ھیوا سەرلەنوێ لە ئاسۆی ژیانمدا ئەنگوت.

لاوێکی ڕووناکبیر و کوردێکی پاک و بەشەرەف کە بەداخەوە ناکرێ ناوی بەرم خۆی و ڕەفیقانی ئەو لەو ماوەدا زۆر لە ھانام ھاتن و زۆرم لەگەڵ ماندوو بوون. لە ساڵی ١٣٤٠دا سەرلەنوێ تێ ھەڵچوومەوە و ھاوکاری ئازادیخوازانم دەست پێکردەوە، دەستەیەک ڕەفیقی تازە و تێگەیشتوو و ڕووناکبیرم پەیداکردن، لەباری ھونەریشەوە شێعرەکانم نەک ھەر باشتر بوون، بەڵکە بە بڕوای خۆم تێیان پەڕاند.

لە ساڵی ١٣٤٤دا لاوێکی یەکجار خۆشەویست و خزمێکی زۆر نیزیکم کە لە دەرەوەی وڵات دەژیا و دەیخوێند و ھیوایەکی زۆرم پێ ھەبوو مرد، ئەو ڕووداوە زۆری پەرێشان کردم.

ھێندە پێ نەچوو لە سەفەردا بووم کە خەبەری جەرگبڕی مردنی بابمیان دامێ. ناتوانم شەرحی تەئسیری ئەو خەبەرە لەسەر ھەستی خۆم بدەم. ئێستا کە ئەو دێڕانە دەنووسم بە زەحمەت فرمێسکم بۆ ڕادەوەستن. ئەوەندە دەڵێم دەردی باب مردن دەردێکی گرانە و پیاو لە ھەر تەمەنێکدا بابی بمرێ ھەست بە ھەتیوی دەکا.

دوو ساڵ پاش دایکیشم مرد. بابم پیاوێکی بەزیبک و زاکوون بوو. قەتی ڕوو نەدەدا منداڵەکانی. تەنانەت بە پیریش من جگەرەم لەکن نەدەکێشا. دایکم زۆر سەر و ڕووخۆش بوو و منی لە ھەموو منداڵەکانی خۆشتر دەویست، کەچی پێم سەیرە مەرگی بابم زۆر پتری کار کردە سەر من و پتری پەرێشان کردم.

ساڵی ١٣٤٧ لە حاڵێکدا کە زۆر دەوڵەمەند و تێروپڕ بووم و ماڵ و دەوڵەتێکی زۆر لە پێویستی خۆم زیاترم ھەبوو و پیر و کەنەفتیش بووبووم و دەمەویست گۆشەگیری بکەم و لەناو ژن و منداڵی خۆمدا بحەسێمەوە، زوڵم و زۆری ڕێژیم نیسبەت بە گەلی کورد گەیشتە ڕادەیەک کە بۆ ھیچ ئینسانێکی خاوەن شەرەف قبووڵ نەدەکرا. من چۆن چاوم بەرایی دەدا لاوانی تێکۆشەر و ڕووناکبیری کوردم ھەر بەو تاوانەی داوای مافی ڕەوای نەتەوایەتی خۆیان دەکرد، لە پێش چاو بکوژن و بەوەشەوە ڕانەوەستن تەرمی خوێناوی و کون کراویان بە شار و باژێڕاندا بە چەپڵەڕێزان بگێڕن و داوەت و سەمای لە دەوری بکەن؟ ناچار بە پیری سەری خۆم ھەڵگرت و بە داری دەستی ڕووم لە وڵاتی غەریبایەتی کرد و دەستم لە ژن و منداڵ و کەسوکار و یار و دیار ھەڵگرت. ئەوە پێنج ساڵ و چەند مانگە ئاوارە و دەربەدەر دەخولێمەوە و ھەژار گوتەنی ھەر شەوە میوانی خانەخوێیەکم و ھەر ڕۆژە لە جێیەک. زۆرم کوێرەوەری و چەرمەسەری چێشتووە، زۆرم شەو و شەونخوونی کێشاوە، زۆرم نەداری و ڕووتی دیوە. ئەگەر ژیانی ئەو چەند ساڵە بنووسم خۆی سەدان لاپەڕە کاغەزی بەش ناکا. بەڵام نەھێنی کاری ئیجازە نادا.

خوێنەری خۆشەویست ھیوادارم توانیبم تا ڕادەیەک خۆم بە تۆ بناسێنم. دیارە تۆش چاوەنۆڕی ئەوە نی ھەموو ڕازەکانی خۆم بۆ تۆ گێڕابێتەوە.

من ئینسانم نە مەلاییکەم و نە پەری، دەخۆم، دەنووم، شاد دەبم، وەرەز دەبم، دەگریم، پێدەکەنم، دەترسم، ناھومێد دەبم، داروبەرد نیم. لەو ماوە دوور و درێژەی ژیانمدا زۆر کاری چاکم کردووە و بەسەر خراپەشدا کەوتووم. تەنیا کارێکی خراپی کە دڵنیام قەتم نەکردووە دزییە. ئەویش قەت ئەوەندە موحتاج نەبووم مەجبوور بم دزی بکەم. بەچی مەعلووم ژیان ئەوەندەم موحتاج ناکا تووشی ئەو گوناھەش بم کە زۆرم پێ گەورەیە؟

نیوەشەوی سێی ڕێبەندانی ١٣٥٢ (٢٤ی ژانویەی ١٩٧٤ و یەکەمی موحەڕڕەمی ١٣٩٤) لە نووسینەوەی ئەو سەرگورشتە بوومەوە. ئێستا لە شارێکی دوور وڵات بە تاقی تەنێ لە ژوورێکی ڕەق و ڕووق دانیشتووم. ھەموو سامانم تەختێک و دەستێک نوێن و دوو دەست بەرگی کۆن و نوێ و چەند کراسی چڵکن و چەمەدانێک و ساکێکی دەستی و چەند جلد کتێب و کۆڵێک کاغەزی بڵاوە و ئەسپێ لە گیرفانمدا سەوزەڵەتان عەرز دەکا. بەڵام زگتان پێم نەسووتێ. ئەو ژیانەم بۆخۆم ھەڵبژاردووە و دەنا دۆستی وام ھەن ئەگەر حەز بکەم پارووی لە زاری خۆیان دەردێنن و لە زاری منی دەنێن.

تا ئەو نوختەم دانا زیندوو بووم و پشووم دەھات و دەچوو و ھیچ ڕەنگ مردن نەبووم. جا نازانم کەی سەر دەنێمەوە و کۆچی دوایی دەفەرمووم؟

لێرەشدا دەمەوێ شتێک بڵێم، بەپێچەوانەی زۆر ھونەرمەندی کورد من لە نەتەوەکەی خۆم ڕازیم. کەس تا ئێستا بێ حورمەتی پێ نەکردووم. داوای دراو و ماڵیشم لە کەس نەکردووە تا بزانم دەمداتێ یا نا. لە لێقەومانیشدا نانیان داومێ و ڕایان گرتووم.

شێعریشم تەنیا بۆ دەربڕینی ئیحساسی خۆم داناوە و ھیچ ھەقم نییە منەتیان بەسەردا بکەم. ئەوان پێیان ناخۆش بێ یا خۆش من کە شێعرم بۆ ھات ناتوانم نەیڵێم.
«گەلێک قسەم لە دڵا بوو، حیکایەتم مابوو
کەچی لە بەختی کەچم خامە نووکی لێرە شکا»

لەبەر شکانی نووکی خامە نییە کە لە گێڕانەوەی حیکایەتی دڵی خۆم واز دێنم. نا من وەک ھەموو ئینسانێکی کورد بەتایبەتی کوردێکی ئێرانی ھێشتا لە دنیایەکی پڕ لە ئەسراردا دەژیم و ناکرێ ڕازەکانی دەروونم ھەڵڕێژم. تۆ بڵێی کورد بگاتە جێگایەک و منیش ئەوەندە بژیم ھەرچی دەیزانم بینووسم و قازانجی لە زیان پتر بێ؟

ئینسانم.

ژیانم پێ خۆشە.

پێم خۆشە لە شاری ئاوەدان، لە شەقامی پاک و خاوێن لەگەڵ خۆشەویستان بگەڕێم. پێم خۆشە لە ژووری گەرموگوڕ لەسەر نوێنی نەرم وەرکەوم. پێم خۆشە سەر وەباسکێکی نەرم و نۆڵ بکەم. پێم خۆشە کام خۆراک خۆشە لەپێشم بێ، پێم خۆشە کام شەراب چاکە لە جاممدا بێ. دەمەوێ سەما و ھەڵپەڕینی نازداران تەماشا بکەم. دەمەوێ جوانترین بالە ببینم، بۆ چاکترین ئۆپێرا گوێ ڕابگرم. دەمەوێ بەرزترین سەمفۆنیم بۆ لێ بدرێ. نامەوێ دەربەدەر و سەرگەردان بم، بە تەنێ بە کێو و شاخاندا بگەڕێم. لە ئەشکەوت و زەندۆڵان بخزێم، لەسەر بەردی ڕەق بنووم. قۆنداغی ڕەق و ساردی تفەنگ بکەمە سەرین. نانی وشک و کەڕواوی بخۆم، ئاوی سوێر و گەرم بخۆمەوە، پێم خۆش نییە لاقەفرتە و چەنگەکڕەی نیوەگیانان ببینم، خوێن و فرمێسکم وەبەر چاو بکەوێ، پێم خۆش نییە بە تەقەی تفەنگ و گرمەی تۆپ و ھاڕەی تەیارە ڕابچەنم.

- بەڵام:

چ بکەم، کوردم

کۆیلەم
ئەوانە ھەموو و تەنانەت کوژران و کوشتنم پێ لە کۆیلەتی خۆشترە.

ھێمن
١٩٧٤/١/٢٣
پێشەکی
١٩٧٤/١/٢٣

پەراوێز edit