ئاڵەکۆک

هێمن add_a_photo
هێمن تاریک و ڕوون
٧٩. لە کوێوە بۆ کوێ؟ (بەشی ١)
من بۆ خۆم وام، ڕەنگە زۆر کەسیش وابێ، کە شێعری شاعیرێک یا نووسراوەی نووسەرێک دەخوێنمەوە «چ زیندوو چ مردوو» پێم خۆشە خۆشی بناسم. بزانم کێیە؟ خەڵکی کام وڵاتە؟ کاری چییە؟ چۆن دەژی و ئەگەر مردووە چۆن مردووە؟ لە کوێ نێژراوە؟

بۆیە بڕیارم دا سەرگورشتەی خۆم لە سەرەتای ئەم بەشەی دیوانەکەمدا بنووسم. بە کێم گووتبا ئەو سەرگورشتە بنووسێ؟ کێ من لە خۆم باشتر دەناسێ؟

پێوە بووم زۆر درێژی بنووسم. تەماشام کرد دەبێتە چیڕۆکێکی درێژ و شیرین و پڕ کارەسات. چ چیڕۆکێک لە بەسەرھاتی ئینسانێک لە واقیع نیزیکترە؟ ئەویش بەسەرھاتی ئینسانێکی نیزیکەی پەنجا ساڵی لە ساڵەکانی چەرخی بیستەم، ئەو چەرخە سەیر و سەمەرەیە، ئەو چەرخە پڕ کێشە و شەڕ و شوورە، ئەو چەرخە پڕ لە کارەسات و پەلامارە، ئەو چەرخە پڕ شۆڕش و ئاڵوگۆڕە وەبیر بێ. بەتایبەتی ئەگەر ئەو ئینسانە کورد بێ. کوردێکی بێ بەش و چارەڕەش بێ و تا ڕادەیەک لە خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوە زۆرلێکراوەکەیدا بەشداربووبێ. بەڵام بەداخەوە بۆم نەکرا. بەشی زۆری لەبەر تەوەزەلیی خۆم. با بمێنێ بۆ ھەلێکی تر ئەگەر مام وازی لێ ناھێنم.

خوێنەری خۆشەویست! پێت وا نەبێ لێفەم لەسەر ھەتیوان ھەڵداوەتەوە و لە بنی کوولەکەم داوە و ھەرچیی ھەیە نووسیومە. نا ھەر وا کورتە سەرگورشتەکەمت بۆ دەگێڕمەوە.

شاعیری ھیچ قازانجی بۆ من نەبووبێ ئەو قازانجەی ھەبووە کە ئەو ناوە دوور و درێژەی «سەید موحەمەد ئەمینی شێخەلیسلامیی موکری» ی لە کۆڵ کردوومەتەوە.

باوکم ناوی سەید حەسەنی شێخەلیسلامیی موکری بوو، لە تۆرەی مەلا جامیی چۆڕی بوو کە سێ سەد ساڵ لەوەپێش ھاتۆتە سابڵاخ و بنەماڵێکی گەورەی لەو مەڵبەندە پێک ھێناوە.

دایکم ناوی زەینەب و کچی شێخی بورھان بوو کە ئێستا بنەماڵەیەکی گەورەی موکریانن.

بەھاری ساڵی ١٣٠٠ی ھەتاوی (١٩٢١ی زایینی) بە شەوی جێژنی بەراتێ لە گوندی لاچین نیزیکی سابڵاخ لەدایک بووم. مێژوکم لە مەمکی دایکم نەکردووە و فرچکم بە شیری دایەن گرتووە.

دایکم زۆر جار بە چاوی دادەدامەوە و دەیگوت: تۆ پێوقەدەم ڕەش بووی. ھەر تۆم وەزگ کەوت لەشی ساغم بە خۆمەوە نەدی. نەخۆشیم پێوە نووسا، کوێرەوەری و پەژارە ڕووی تێ کردم. لەسەر مانگ و ڕۆژی خۆم بووم کە ناچاربووین بڕەوین و بچینە لادێ. کە بەر بوویەوە، نە من تڵپاتی تەڕم لە مەمکیدا بوو، نە باوکت سیپاڵێکی لە ماڵێدا مابوو.

لەشکری شکاک ئێمەشی وەک ھەموو خەڵکی سابڵاخ ساف لە ساف تاڵان کرد و گەسکی لەو ناو ماڵە دا کە سێ سەد ساڵ بوو وەسەریەک نرابوو و بە میرات بۆ باوکت بەجێ مابوو.

منیش جارجار بە پێکەنینەوە دەمگوت دایە گیان سووچی من چییە؟

دایەنەکەم ناوی یاسەمەن و خەڵکی ئازەربایجان بوو. لەلەکەم کە ناوی عیزەت بوو خەڵکی تورکیا بوو، ئەو دووانە لەبەر ھەژاری و نەداریی خۆیان پەڕیوەی کوردستان ببوون و لە گوندەکەی ئێمە گیرسابوونەوە و لە سەروبەندی لەدایکبوونی مندا منداڵێکیان ببوو. منداڵەکەی ئەوان لە من بەختەوەرتر بوو، نەژیابوو و تووشی کوێرەوەریی دنیا نەھاتبوو و عەمری درێژی بۆ من بەجێ ھێشتبوو و پارووی دایک و بابیشی لە ڕۆنی ھاوێشتبوو.

ئەو ژن و پیاوە ھەژار و ئاوارە بە دڵ و گیان منیان بەخێو دەکرد و زۆریان خۆش دەویستم. منیش ئۆگری ئەوان ببووم وەک دایک و بابی خۆم خۆشم دەویستن.

لەبیرمە زمانی ئەوانم وەک بلبل دەزانی، جا نازانم تورکیم دەزانی یا ئازەری؟ ڕەنگ بێ ئازەری بووبێ، چونکە منداڵ زمانی دایکی باشتر فێر دەبێ.

مردنی عیزەت و تۆرانی یاسەمەنم باش وەبیر دێ. ئەم ڕووداوە یەکەم زەبری توند بوو کە وەھەستی ناسکی منداڵانەی من کەوت و یەکێکە لە بیرەوەرییە ھەرە تاڵەکانی ژیانم. لە ڕاستیدا من دوو جار ھەتیو بووم و دووجارم دایک و باب مردوون: جارێک بە ساوایی و جارێک بە پیری.

بابم ھەم دەوڵەمەند بوو، ھەم بەدڵ و دەسبڵاو، چاکی بەخێو دەکردین، پێنج خوشک و دوو برا بووین، کاکم و خوشکێکم لە من گەورەتر بوون. بە منداڵی زۆر تێروتەسەل و کۆک و پۆشتەبووم. بەڵام کۆیلە و دیل بووم، کۆیلەی ناو قەفەزی زێڕ، کۆیلەی ڕێوشوێنی کۆن.

ڕێوشوێنی بنەماڵەکەمان ئیجازەی نەدەدا من لەگەڵ ھاوتەمەنەکانم گاڵتەوگەپ بکەم.

چونکە من کوڕە دەوڵەمەند بووم و ئەوان کوڕە ھەژار. من کوڕی شێخەلیسلامیی بەناوبانگ بووم، ئەوان کوڕی لادێییەکی بێ ناوونیشان. من بەر و پشت ئەتڵەس بووم و ئەوان کەڕەکرمانج. من کۆک و پۆشتە بووم و ئەوان ڕووت و ڕەجاڵ.

ئاخ... گەورەکانم تێ نەدەگەیشتن من چەند پەرێشان و کەلەلام، ئەوان نەیاندەزانی بەو کردەوەی خۆیان چۆن ھەستی من بریندار دەکەن، برینێک کە دەبێتە گریمانەی ڕووحی و تا مردن ساڕێژ نابێ.

ئێستاش کە وەبیرم دێتەوە کزەم لە جەرگی دێ و خەمێکی گران دام دەگرێ، کە من لە ھەموو خۆشیی سەردەمی منداڵی بێ بەش بووم. لەپێش چاوی من منداڵەکانی گوندەکەمان، ئەو ڕەش و ڕووتانەی ھاوشانی من نەبوون! بە ئازادی و بێ باکی گاڵتە و گەمەیان دەکرد، لە خاک و خۆڵ دەگەوزین، لە سەربانان ھەڵدەبەزین، لە قوڕ و چڵپاودا غارغارێنیان دەکرد، لەسەر تەپۆلک و کۆپەین ملانەیان دەگرت، لەسەر سەھۆڵ خلیسکیان دەکرد، لەسەر لۆدە کا بازبازێنیان دەکرد، بەگژ یەکدا دەچوون، پێک ھەڵدەپڕژان، ئاشت دەبوونەوە، ئاورۆچکەیان دەکردەوە و خانووچکەیان دروست دەکرد. ھێلانە چۆلەکەیان دەردەھێنا، تەبکەیان دەناوە. ھەلووکێن، تۆپێن، ھەمزەل، ھەنگڵەشەلە، دایە من مەدە بە گورگی، ھەڵوای بەشەپان، قەرەقەری و دەیان جۆرە گاڵتەی دیکەیان دەکرد. بەڵام من بەو تاوانەی کە نەجیبزادە بووم دەبوو وەک گەورە گەوران لە دیوەخان لەسەر چۆک دابنیشم و متەقم لەبەر نەیەتە دەر! بۆ بەدبەختی لە ماڵی ئێمەدا نێرینەی لە من بچووکتر نەبوو. دەبوو لەبەر ھەموویان یەک پێ ھەستم و تا ئیزنم نەدەن لەبەر دەستیان ڕاوەستم و دانەنیشم، لەدوای ھەمووان نان و چام بۆ دابنێن. چەندم پێ خۆش بوو نە کەوای مەخمەر و تاقە و قوتنی و خەزەلم لەبەردا با، نە پانتۆڵی ئاڵمانی زەردم لە پێدا با، نە کاڵەی شەمامەبەندی ئاوریشم چنم لە پێدا با و نە شەدەی سەوزم لەسەر با و نە پشتێنی پەشمینەی کەسکم لە پشتدا با و وەک منداڵە ڕووتەڵانەکان ئازاد بام.

نەڵێن ماشاڵڵا کوڕەکە لەو تەمەنەشدا ئازادیخواز بووە و ھەستی بە جیاوازیی چینایەتی کردووە و ڕقی لێ بووە، نەخێر نەوەڵڵا نە ئازادیخواز بووم و نە تڕەماش، وازم لە گەمە و یاری بوو و بڕاوە.

تەنیا بیرەوەرییەکی خۆشم لە زەمانی منداڵیم ھەیە، ئەویش ئەوەیە شەوانە دەچوومەوە ژوورێ و سەرم وەسەر ڕانی دایە مرۆت دەکرد و ئەویش حیکایەتی بۆ دەکردم، تا خەو دەیبردمەوە. دایە مرۆت پیرێژنێکی دنیادیدەی کۆنساڵ بوو. بۆ خۆی نەیدەزانی تەمەنی چەندە، بەڵام بێگومان زۆری لە سەد ساڵ ھەڵبواردبوو. شەش پشتی بنەماڵەی ئێمەی دیبوو، سەرسپی و ھاودەمی دایکم بوو. ڕووح سووک، قسەخۆش و نوکتەباز بوو، ھەزاران نەقل و نەزیلەی خۆشی دەزانی و بۆی دەگێڕامەوە. زۆر شتی بەنرخ لەو فێر بووم کە لە ژیاندا کەڵکم لێ وەرگرتن. ڕووحی شاد بێ.

ئەلفوبێم لە خزمەت مامۆستا سەعید ناکام خوێند، کە ئەودەم مێرمنداڵ بوو. کاکم کە مامۆستای تایبەتی بۆ ڕاگیرابوو، زۆر لە خوێندن دەترسا و خەریک بوو منیش بترسێنێ و بە مەرەدی خۆی بەرێ. بەڵام مامۆستا ناکام نەک ھەر سامی لە خوێندن شکاندم، بەڵکە تێی گەیاندم خوێندن خۆش و شیرینە. پێش ئەوەی ئەلفوبێم پێ بناسێنێ بزنۆکە و مەڕۆکەی حوسێن حوزنیی ئەوەندە بۆ خوێندبوومەوە ھەمووم لەبەر بوو. کتێبی ئەنجومەنی ئەدیبانی ئەمین فەیزیمان ھەبوو. شێعرە گاڵتەکانی شێخ ڕەزای فێر دەکردم. لەبیرمە قەسیدە درێژەکەی عارف سایبم کە وا دەس پێدەکا: «ئاوارەیی خاکی وەتەن و سەیر و سەفا خۆم» لەسەرڕا بۆ خوارێ لەبەر بوو، وەک تووتی دەمخوێندەوە و لە مانای نەدەگەیشتم.

کە سامم شکا بابم ناردمیە سابڵاخ تا لە مەدرەسەی دەوڵەتی بخوێنم. لەپێشدا زۆرم پێ خۆش بوو. لە مەدرەسەی «سەعادەت» ناونووسیم کرد. بەڵام کە ڕۆژی ھەوەڵ چوومە سەر کلاس تۆقیم و وەختابوو شێت بم. من منداڵێکی لادێیی نازداربووم، لە کوردی بەو لاوە ھیچ زمانم نەدەزانی لە مەدرەسەش کەس نەیدەوێرا بە کوردی قسە بکا.

من لە ژیانمدا ڕۆژی ڕەش و تاڵم زۆر دیون، بەڵام ڕۆژی ڕەشتر و تاڵترم لەو ڕۆژە نەدیوە کە چوومە مەدرەسە. مامۆستاکەم کە خۆی کورد بوو و دوایەش تێگەیشتم فارسی باش نازانێ، بە فارسی تێی ڕاخوڕیم ھیچی تێ نەگەیشتم. ھاودەرسەکانم کە ھەموویان لە من باوخۆشتر بوون پێم پێ کەنین، زۆر بە خۆمدا شکامەوە. ماوەیەک بە شەو لەبن لێفەدا لە ترسی مەدرەسە دەگریام و بەیانی بەقرخەمەرەسی دەچوومەوە. منداڵ ھەموو گاڵتەیان پێ دەکردم و پێیان دەگوتم «کرمانج». لە مەھاباد بە خەڵکی لادێ دەڵێن کرمانج و بە وشەیەکی سووکی دەزانن. دوایە بۆیان گێڕامەوە دەیانگوت بە فارسی جنێومان پێ داوی و حاڵی نەبووی. چابوو سێ چوار کوڕەپوورم لەو مەدرەسە دەیانخوێند و لەسەریان دەکردمەوە. دەنا منداڵە وردکە لەوانە بوو شێتم بکەن. ئێستاش نازانم کوێڕا فارسی فێر بووم و لەگەڵ وەزعەکە ڕاھاتم.

مەدرەسەکەمان خانووێکی گەورە و کۆن و کەلاوە بوو. تاقە چاوەیەکی ئاودەست ھەبوو قەت وەبەر نەدەکەوت. مزگەوتمان لێ نیزیک بوو، بەڵام نە فەڕاشی مەدرەسە دەیھێشت وەدەرکەوین و نە مجێوری مزگەوت ڕێگای دەداین بچینە ئاودەستی مزگەوت. بۆشکەیەک ئاوی چۆمی بۆگەن لە بن دیوارێک داندرابوو. دەفرێکی تەنەکەیان لەسەر دانابوو، ئەو ھەموو منداڵە بەو دەفرە ئاویان دەخواردەوە. ھەمیشە لەسەر چوونە ئاودەست و ئاوخواردنەوە شەڕ لەنێو شاگردەکاندا پەیدا دەبوو و «نازم» ی مەدرەسە، کە پیاوێکی زۆر زاڵم بوو بیانووی وەگیر دەکەوت کە دارکاریان بکا.

ژووری دەرس خوێندنمان تەنگ و تاریک بوو. پەنجەرێکی تێدا بوو کە لەباتی شووشە کاغەزی لێ درابوو. بۆ ئەوەی ڕووناکتر بێ کاغەزەکەیان بە ڕۆن چەور کردبوو. کورسییەکانی چەپرەک و شکاو بوون. مێز و کورسی مامۆستاش لە ھی ئێمە باشتر نەبوو. مامۆستاکەمان پیرەپیاوێکی کوێرەمووشەی زۆر تووڕە و تۆسن بوو. ھەمیشە سێ چوار شووڵی ئاڵووباڵووی لووس و لێک و ئەستووری لەسەر مێزەکە داندرابوو. ھەر کەس دەرسی نەزانیبا یا ورتەی لەبەر ھاتبا دەر زۆر بێ ڕەحمانە وەردەگەڕا سەروگوێلاکی. تا فێری فارسی بووم دوو سێ جاری بیراز کردم. بەڵام لەدواییدا لێی نەدام. کە مامۆستا چووبا دەر شاگردێک کە پێیان دەگوت «موبسیر» لە جێگای ئەو دادەنیشت. ئەرکی ئەوەبوو ھەر کەس بزۆزی بکا بە مامۆستا بڵێ. ھەموومان لە موبسیر پتر دەترساین تا لە مامۆستا. ھۆی ئەوەبوو مامۆستا ڕقی لە کەس نەبوو و لە خۆڕا لە کەسی نەدەدا، بەڵام موبسیر ئەوەی نەدەزانی ڕقی لە ھەر کەس بایە با ھیچیشی نەکردبا شکایەتی لێ دەکرد و مامۆستاش بێ لێپرسینەوە و پێ ڕاگەیشتن دەیکوتا.

بەرنامەی دەرسەکانیشمان تازە فیکری لێ دەکەمەوە زۆر گران بوو. ئەو ساڵی وام ڕابوارد و لە ئاخری ساڵێدا یەکێک بووم لە باشترین شاگردەکانی کلاس و لە ئیمتیحانی ئاخری ساڵدا زۆر باش دەرچووم.

ھاوینێ چوومەوە گوند. حەیف مامۆستا ناکام لەوێ نەمابوو. بەڵام میرزایەکمان ھەبوو زۆر لە مامۆستاکەی مەدرەسەم خوێندەوارتر بوو. لەکن ئەو و بابم کتێبی دووەمم تەواو کرد. بەرنامەی ئەودەمی وابوو دەبوو ھەموو کتێبەکە لەبەر بکەی و من ھەمووم لەبەر کردبوو.

ساڵی دووەم زۆر ئاسوودە بووم. ھەر مەشق و حیساب و دیکتە مابوو لەوانیشدا باش بووم. بۆیە ھەر لە ھەوەڵەوە یەکێک بووم لە شاگردە باشەکان و پێم وانییە لەو ساڵیدا لەسەر دەرس لە شووڵێک زیاتریان لێدابم. وەزعی مەدرەسەش لە پار باشتر بوو، ژوورەکەمان لە ھی پار زۆر خۆشتر و ڕووناکتر بوو، مامۆستاکانیشمان باشتر بوون. بەڵام یەکیان کە کورد بوو و دەرسی فارسی پێ دەگوتین زۆر توند و بەزاکوون بوو، ھەموو ڕووحمان لێی تۆقیبوو. مامۆستای حیسابمان ئازەری بوو. فارسی ئەوەندە خراپ دەگوت کە ئێمەی منداڵ گاڵتەمان پێ دەکرد. بەڵام حیسابی باش فێر کردین. لەبیرمە ئێوارێک جەدوەلی زەربی بۆ نووسینەوە و ھەریەکە دانەیەکی داینێ و حاڵی کردین چۆنی لەبەرکەین. گوتی سبەینێ ئێوارە لێتان دەپرسمەوە و ھەرکەس ڕەوانی نەکردبێ غەڵەت و شوولی لێ دەدەم. من ئەو شەوەی نەنووستم تا لەبەرم کرد. سبەینێ لێی پرسینەوە، کەس نەبوو بە تەواوی لەبەری بێ و وێی نەکەوێ. تەنانەت من کە زۆر چاکم لەبەر کردبوو شوولێکم ئافەریمانە ھەر خوارد. خۆش ئەوە بوو مامۆستای حیسابمان بۆ خۆی لێی نەدەداین و مامۆستاکەی ترمان ئەو زەحمەتەی لەباتی ئەو دەکێشا.

چوار کلاسم لە مەدرەسەی سەعادەت و پەھلەوی خوێند. ھاوینانیش لە گوند لەکن بابم تۆمار و کتێبی ئینشام دەخوێند و لەبەر خەتی ئەمیر نیزامی گەرووسی و میرزا حوسێنی ڕەشەم دەنووسیەوە. ئینشای فارسی باش فێر ببووم و خەتم یەکجار خۆش بوو، زۆر لە ئێستام خۆشتر دەنووسی.

دەڵێن دەعبای زیرەک بە دندووکێ پێوە دەبێ. بابم کە خەت و ئینشای منی دیت، گوتی ڕۆڵە بوویە میرزا و خوێندنی مەدرەسە بەسە، بچۆ لە مەدرەسەی دینی بخوێنە و جێی مەلا جامی چۆڕی بگرەوە. زۆرم پێ ناخۆش بوو دەست لە خوێندنی مەدرەسە ھەڵبگرم، نازانم بۆ ھیچ پێم خۆش نەبوو ببمە مەلا. ڕقم لە بەرگەکەیان بوو. کەوای درێژ و تەشک و پاڵدێمی مەلایانەم پێ جوان نەبوو. بەڵام چار چبوو؟ حوکمی حاکمە و دەردی موفاجا. تەسریفی زەنجانیان لەبن ھەنگڵ نام و ھەی دێ بۆ خانەقای شێخی بورھان تا دەس بکەم بە ڕایەڵە کردن و ئالێ باباگوتن. جا پاش ماوەیەک کەوای ئاودامێن لەبەر بکەم و سیواک لە لاسەر بچەقێنم و شاڵی گەڕگەڕی لەسەر ببەستم و جێگای مەلا جامی چۆڕی بگرمەوە و وەجاغی بنەماڵەکەمان کوێر نەکەمەوە.

چوار ساڵ لە خانەقا خوێندم یا باش ئەوەیە بڵێم نەم خوێند. بەڵام تۆڵەی کۆیلەتی ساوایەتیم ئەستاندەوە. لەگەڵ گەلی خاڵۆزاکانم کە وەک بەرانی سوڵتان مەحموود بەرەڵڵا و تەرخان بوون و لە ھیچ جێگایەک دەنگ نەدەدران و کەس بەرپەرچی نەدەدانەوە، گەلێکم بەدفەڕی و بزۆزی و دەس بزێوی کرد.

نەوەشێخ، ئەویش نەوەشێخی چل ساڵ لەوەی پێش ئەگەر کەس دەستی وەبەر نەیەنێ و بەرپەرچی نەداتەوە لە سەروبەندی بلووغدا چ دەمێنێ نەیکا؟

ئەو چوار ساڵە خۆشترین ساڵەکانی ژیانی منن. زۆر خۆشمان ڕادەبوارد. دەستەیەکی ٨ - ٩ کەسی ھاوتەمەن بووین، ھەموو خاڵۆزا و پوورزا بووین. ھەر ھەژارمان بێگانە لەگەڵ بوو کە لە خۆمان ھەڵنەدەبوارد. ئەویش بۆ خۆی زۆر قسەخۆش و خوێن شیرین بوو و باوکیشی پیاوێکی زۆر ماقووڵ و لە خانەقا زۆر خۆشەویست بوو.

شاعیرێکی فارس دەڵێ:
مرد خردمند هنر پیشه را
عمر دو بایست در این روزگار
تا به یکی تجربه آموختن
با دگری تجربه بستن به کار

بۆ پیاوی خاوەن ھونەر و زانا دوو جار ژیان پێویستە تا لە یەکیاندا تەجرەبە وەسەریەک بنێ و لەوی تریاندا تەجرەبەکەی لەکار بێنێ.

دەستی شکاو و ڕانی وردم، ئەوی ئێستای دەزانم ئەگەر ئەودەم دەمزانی کار لە جێگایەکی دیکە بوو و منیش شتێکی تر بووم. بەڕاستی خانەقا زانستگایەکی گەورە بوو و دەمتوانی زۆر شت فێر بم.

خانەقای ئەو سەردەمە زۆر ئاوەدان بوو. خەڵک دەھات و دەڕۆیی و کەس ھەقی بەسەر کەسەوە نەبوو. فەرق و جیاوازی زۆر کەم بوو. جارێکی دیکەشم گوتووە و دووپاتەی دەکەمەوە دەتگوت کەشتی نووحە. لە ھەموو تۆو و تۆرە و ڕەگەزێکی لێ بوو، پەنای بێکەسان و لێقەوماوان و ئاواران بوو. پیاوچاک، خۆپارێز، دیندار، موسڵمان، مەلا، سەید، زانا، خوێندەوار، چەتە، دز، پیاوکوژ، نەزان، شێت، بێکارە، پەککەوتە، کوێر، شەل تەنانەت بێ دینیش لە بن میچێکدا کۆ ببوونەوە و پێکەوە دەژیان و ھەموو یەک جیرەنانیان وەردەگرت.

ئەفغانی، فارس، تورک، ئازەری و تەنانەت ھیندیشی لێ بوون. کوردی ھەموو ناوچەکانی کوردستانی لێ ھەبوون. کە بە شێوەی جۆربەجۆر قسەیان دەکرد و ھی وا ھەبوون بە زەحمەت تێک دەگەیشتن. پیاوی گەورە و زانا بەناوبانگەکانی ئەو سەردەمەی موکریان وەک مامۆستا فەوزی، سەیفی قازی، پێشەوا قازی موحەمەد، حاجی مەلا موحەمەدی شەرەفکەندی، عەلیخانی ئەمیری بەتایبەتی ئاغا خوێندەوار و زاناکانی فەیزوڵڵابەگی ھاتوچۆی خانەقایان دەکرد و بە مانگ و دوو مانگ لەوێندەرێ دەمانەوە. مەلای گەورە گەورەی لێ بوون و دەرسیان دەگوتەوە. پڕ بوو لە سوختە و موستەعیدی باش. کەسێک ویستبای بخوێنێ و شت فێر بێ جێگای خوێندن و شت فێربوون بوو. بەڵام من لە کیسم چوو و ڕەفاقەتی خاڵۆزاکانم و فیز و ھەوای نەوەشێخی نەی ھێشت لەو ھەلە کەڵکی پێویست وەرگرم. بێجگە لەوە لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا دووجار خراپ نەخۆش کەوتم و لە خوێندن بووم. جارێک کەوتووییم گرت و لە مردن گەڕامەوە. تەنانەت دەیانگوت ئاومان بۆ گەرم کردووی و کفنمان بۆ بڕیوی. جارێکی تر کوانێکی گەورەم لە لامل ھات و شەش مانگ لەبەری کەوتم و پاشان عەمەلیان کرد و ماوەیەکی دوورودرێژ بناوبوێر بووم. ئەو کوانە بە جارێک ھێز و بڕستی لێ بڕیم و ھەرگیز وەک خۆم لێ نەھاتەوە. من بە منداڵی قەڵەو و پتەو و بەھێز و ھەرەکەت بووم. کەم منداڵی ھاوتەمەنی خۆم بە زۆرەوانی دەرۆستم دەھاتن. بەڵام کە ئەو کوانەم لێ ھات ئیتر ھێز و توانام لە کەمایەسی دا.

ئەو دەمی لە سابڵاخ دەمخوێند ھەژارم دەناسی، ھاتوچۆی دوکانی بابی ھەژارم دەکرد. مەلایەکی پیری زۆر قسەخۆش بوو. کە چوومە خانەقا یەکترمان گرتەوە و بووینە دۆست. جاروبار خۆمان لەگاڵتەوگەپ دەدزیەوە و شێعرمان دەخوێندنەوە. ھەموو شوێنەوارەکانی سەعدی و حافز و مەولەوی و کەلیم و سایب و شاعیرە بەرزەکانی فارسمان پێکەوە دەخوێندەوە و ھەر تێگیراوێیەکی ھەشمان با ڕەھاکردنی ھاسان بوو. خانەقا ئەدیبی زۆر گەورەی لێ بوون، لێمان دەپرسینەوە. مەلا قادرێکی پیری لەرزی دەنگ نووساوی لێ بوو، ھەر بە حاڵ مابوو. ئەگەر بڵێم ئەو مەلایە ئاساری سەعدی لە خودی سەعدی باشتر دەزانێ پێم وایە موبالەغەم نەکردووە. کەیفی بەوە دەھات شێعرێکی سەعدی لێ بپرسیەوە، جا بەو دەنگە نوساو و لەرزە سەعاتێک بۆت شی بکاتەوە. خۆ شێخ موحەمەدی خاڵم چ ئەدیبێک بوو من ناتوانم تاریفی بکەم. ئەودەمی شەڕەشەقی ژیان وای لێ نەکردبووم ناوی خۆشم لەبیر بچێتەوە. ھەر شێعرێکم خوێندباوە دەستبەجێ دەھاتە بەرم. ھەزاران شێعری فارسیم لەبەر بوو. شێعری کوردیشمان ھەرچی وەگیر کەوتبا لەگەڵ ھەژار دەمان نووسیەوە و لەبەرمان دەکرد.

لە ئاخریدا من و ھەژار بە تەواوی لە تاقمی کوڕە شێخەکان جوێ بووینەوە و شەو و ڕۆژ خەریکی شێعر خوێندنەوە بووین. چەند چیڕۆکی گەورە و چووکی وەک ئەسکەندەرنامە و ئەمیر ئەرسەلان و شیرۆیە و حوسێنی کوردمان پەیداکردن و خوێندمانەوە. شەوی سێشەممو و جومعەی وا ھەبوو ھەموو فەقێیەکانی خانەقا دەکەوتنە لایەک و من و ھەژاریش لەلایەک و شێعرێنمان دەکرد. بڕوا بکەن بۆڕمان دەدان.

ئەو ھەموو شێعر خوێندنەوە و ڕەفاقەتی ھەژار و ھاتوچۆی مەجلیسی ئودەبای خانەقا زەوقی ئەدەبی لە مندا بە وجوود ھێنا و تەنانەت شێعری فارسیشم دەگوت. بەڵام تەنیا لەڕووم ھەڵدەھات بۆ ھەژاریان بخوێنمەوە. ئەو خوداگرتووەش لەباتی ئەوەی بۆم چاک بکا و ھانم بدا گاڵتەی پێ دەکردم. لەبیرمە جارێکی شێعری شاعیرێکی فارسم دزیبوو و لەناو شێعری خۆم ئاخنیبوو، بۆم خوێندەوە. گوتی وەڵڵا ئەوانی خۆت زۆر خراپن، بەڵان ھینەکەی ئیبنویەمین زۆر باشە. زۆر بە خۆمدا شکامەوە و دەستم لەو کارە ناڕەوایە ھەڵگرت. خەریک بووم شتێک بە شتێک بکەم کە بابم تێگەیشت ئەو ماوە عومرەم بە زایە چووە و لە خانەقا نەمخوێندووە، ڕای گوێزتم بۆ کولیجە. ئەویش مڵکی خاڵم بوو و مامۆستا فەوزی لەوێ مەلایەتی دەکرد.

دەبێ بڵێم من دەسکردی فەوزیم. ئەو ھەڵی وەشاندمەوە و تێکی ھەڵشێلام و سەرلەنوێ دروستی کردمەوە. ئەو دەرکی زانین و فێربوونی بۆ کردمەوە. ئەو ڕێگای ژیانی پێ نیشان دام. بێگومان ئەگەر نەچووبامە خزمەت فەوزی و لەکن ئەو مامۆستایەم نەخوێندبا ڕێبازی ژیانم ئەو ڕێبازە نەدەبوو کە گرتم و پێیدا ڕۆیشتم و ئێستاش بەرم نەداوە.

ئەو تێی گەیاندم من ڕۆڵەی کوردم و کوردیش نەتەوەیەکی بێ بەش و چارەڕەش و زۆرلێکراوە و دەبێ ڕۆڵەکانی لەپێناوی ڕزگارکردنیدا فیداکاری بکەن و لەخۆبوردوویی نیشان بدەن. ئەو فێری کردم زەوقی ئەدەبیم چۆن تیف تیفە بدەم و مشتوماڵی بکەم. ئەو فێری کردم چۆن بنووسم و چۆن شێعر بڵێم. ئەو فێری کردم وڵاتەکەم خۆش بوێ و پێی ھەڵبڵێم. ئەو حاڵی کردم کوردی زمانێکی ڕەوان و بەربڵاو و دەوڵەمەندە و دەکرێ ئەدەبێکی گەورە و دنیا پەسندی ھەبێ.

ئەو حاجی قادری کۆیی، نالی، کوردی، سالیم، مەولەوی، حەریق، مەحوی، ئەدەب و، وەفایی پێ ناساندم و شێعرەکانی ئەوانی بۆ شی کردمەوە. ئەو فێری ڕۆژنامەخوێندنەوە و ڕۆمان خوێندنەوەی کردم. ئەو دیوانی شاعیرە شۆڕشگێڕەکانی فارسی بۆ پەیداکردم و ھانی دام بیانخوێنمەوە و شتیان لێ فێربم. بەڵام سوێندی دام قەت بە فارسی شێعر نەڵێم و ھەتا بۆم دەکرێ بە کوردی بنووسم.

ساڵ و نیوێک لە خزمەت ئەو خوێندم. بەیانان لەگەڵ گزینگ دەکەوت، دەچوومە ماڵی مامۆستا و زۆر ڕۆژی وا ھەبوو، تا بانگی نیوەڕۆی دەدا و مامۆستا ھەڵدەستا بۆ نوێژ دەرسم دەخوێند و ھیچمان ماندوو نەدەبووین. کەم وابوو لەسەر کتێب دەرسم پێ بڵێ، دوڕوگەوھەری نایابی لە دەریای قووڵ و بێ بنی زانستی خۆی دەردێنان و لە کۆشی منی ھەژاری چاو لەدەستی دەکردن. بەڕاستی مامۆستا و شاگرد نەبووین پیر و مورید بووین. من تا ڕادەی پەرستن ئەوم خۆش دەویست و ئەویش منی بە کوڕی خۆی دەزانی. ئەگەر ڕۆژێک نەمدیبا ئارەزووم دەکرد. جومعە و سێشەممۆمان نەبوو. ئەو لە پێگەیاندنمدا بە پەلە بوو، منیش تامی تێگەیشتنم کردبوو و قەت لە خوێندن و خوێندنەوە و گوێ ڕاگرتن لە مامۆستا وەڕەز نەدەبووم.

پاش نیوەڕۆیانیش لەباتی مامۆستا دەرسم بە کچ و کوڕە گچکەکانی خاڵم دەگوت، ئەویش دوو قازانجی ھەبوو. ھەم زانیاری خۆم بەرەو ژوور دەچوو و ھەم زەحمەتی مامۆستام کەم دەکردەوە.

فەوزی بە بڕوای من یەکێکە لە گەورەپیاوانی مێژووی کوردستان، کە داخەکەم شوێنەوارەکانی فەوتان و خۆشی لەبیر چۆتەوە. ئەو لاوە کوردانەی لە سەردەمی پاتشایەتی ڕەزاخانی پەھلەویدا کە بە تەقلیدی ئاتاتورک خەریک بوو گەلی کورد لە کوردستانی ئێراندا بتوێنێتەوە و یەکێک لەو سێ کوچکە ئاورە بوو کە پەیمانی سەعدئابادی پێک ھێنابوو، ئازایانە کوردایەتیان دەکرد، یا ڕاستەوخۆ شاگردی فەوزی بوون یا شاگردی شاگردەکانی ئەو. بەتایبەتی پێشەوا قازی موحەمەدی شەھید شانازی بەوەوە دەکرد کە شاگردی فەوزی بووە.

مەلا ئەحمەدی فەوزی یا مەلای سولێمانی کێ بوو؟ چکارە بوو؟ بۆ پەڕیوەی مەڵبەندی ئێمە ببوو؟ نازانم. من ئەودەمی ئەوەندەم مەبەست نەبوو ئەوانە بزانم. لە ڕووشم ھەڵنەدەھات لێی بپرسم، بۆ خۆشی ھیچ باسی خۆی بۆ نەکردووم. ئەوەندە دەزانم دەیانگوت خەڵکی شاری سولێمانییە و لە کوردستانی عێراقەوە لەگەڵ شێخەلیسلامی گەورەدا کە لە پێش بابمدا شێخەلیسلامی موکریان بووە و ھەر لە بنەماڵەی مەلا جامی بووە، ھاتۆتە موکریان. پاش مردنی شێخەلیسلام ژنەکەی ئەوی مارە کردبۆوە و کچێکی لێ ھەبوو کە بە جوانەمەرگی مرد. ژنێکی دیکەشی ھێنا و کچێکی تریشی لەوی بوو. وا بزانم ماوە و مێردی کردووە. بۆ خۆی لە ساڵی ١٣٢٢ (١٩٤٣) دا لە گوندی حاجی کەند مرد و لە خانەقای شێخی بورھان نێژراوە. کتێب و نووسینەکانی وەگیر زاواکەی کەوتن کە ھیوادارم نەفەوتابن. وەک بیستوومە پاش مردنی ١٤٠ تمەن دراو و دوو ماینی میرات لێ بەجێ ماوە.

فەوزی زانایەکی گەورە، ئەدیبێکی کەم وێنە، کوردێکی پاک و بێ باک بوو. بەڵام شاعیرێکی باش نەبوو. بیرێکی تیژ و وردی ھەبوو، ئەمما تەبعەکەی ئەوەندە ڕەوان نەبوو بتوانێ بیخاتە ناو چوارچێوەی شێعری عەرووزییەوە. ئەو دەمیش شێعری سپی نەببووە باو. جاروبار شێعری خۆی بۆ دەخوێندمەوە. بەڵام ھیچ بەدڵم نەبوون. جارێکی قەسیدەیەکی درێژی فارسی بۆ خوێندمەوە و نەشیگوت پێت چۆن بوو؟ گوتم باش نەبوو. وا دیار بوو خۆشی زۆری خۆش نەدەویست پێکەنی و گوتی: ھی خۆمە. بەڵام بۆ کەس وەک تۆ بیر و بڕوای خۆی دەرنابڕێ و بۆ ھەرکەسم خوێندۆتەوە گوتوویانە زۆر باشە؟ گوتم قوربان لەسایەی تۆوە من وام لێ ھاتووە شێعری باش و خراپ لێک بکەمەوە. ئەوجار قاقا پێکەنی و گوتی دیارە نەک ھەر باش نین، بەڵکە خراپیشن و کاغەزەکەی ورد ورد کرد.

درۆ نەبێ لە خۆیم نەبیستووە، بەڵام بیستوومە زۆر دۆستی عاریف سایب بووە. ئەوەشم بیستووە چەند جار مەحموود جەودەت ھاتۆتە موکریان و لە ماڵی ئەودا خۆی شاردۆتەوە و لەگەڵ خەڵک تەماسی سیاسی گرتووە، تەنانەت بیستوومە کۆمەڵەی ژینەوەشیان دروست کردووە. بەڵام ھەر گوتەیە و زۆر جێگای متمانە نییە. مامۆستا غەزەلێکی حافزی تەخمیس کردبوو کە لەناو شێعرەکانیدا پەسندم کردبوو. ئەوەش بەندێک لەو تەخمیسەیە کە بە بڕوای من وەستایانەیە.
گهی شوی ز امیران پادشه محسوب
گهی وزیر و بدرگاه پادشه محبوب
گهی شوی بسر دار ناگهان مصلوب
به چشم عقل دراین رهگذار پرآشوب
جهان و کار جهان بی ثبات و بی محل است

بێجگە لە فەوزی من لە کولیجە مامۆستایەکی دیکەشم ھەبوو کە زۆری لی فێر بووم. سەید عەوڵای سەید مینە پیاوێکی یەکجار دزێو و ناشیرین و زۆر ناقۆڵا و نالەبار و زۆر شپڕێو و ئاڵۆز بوو. نەخوێندەوار بوو، بەڵام زۆر زانا و تێگەیشتوو بوو. ڕەنگە بڵێن نەخوێندەوار و زانا وەک کۆڵە و شاخدارە و چۆن شتی وا دەبێ؟ بەڵێ ئەو پیاوە نەیخوێندبوو، تەنانەت حەرفێکیشی نەدەناسی. بەڵام لە ئەدەبی فارسی و کوردیدا دەستێکی باڵای ھەبوو. ھەرچی جارێکی گوێ لێ بووبا دەھاتە بەری و قەتی لەبیر نەدەچۆوە. بەشی زۆری شانامەی فیردەوسی، خەمسەی نیزامی، مەسنەوی، غەزەلیاتی سەعدی و بەتایبەتی سەرتاسەری دیوانی حافزی لەبەر بوو. خۆ باسی شێعری شاعیرەکانی کورد ھەر ناکەم. کام شێعری ھەرە گرانت لێ پرسیباوە وردترین مەعنای لێ دەداوە. لەبیرمە جارێک کۆنە مەلایەک ئەو شێعرە فارسییەی لێ پرسیمەوە.
آنچه بر من می رود گر بر شتر رفتی ز غم
می زدندی کافران در جنت الماوا قدم

من ئێستاش و ئەو دەمیش ئەو جۆرە شێعرانەم پێ خۆش نەبوون و نین، نەمزانی و مەلا گاڵتەی پێ کردم. لە خاڵ عەوڵام پرسییەوە گوتی ھەی لەمنت نەکەوێ، ئەوە ئیشارە بەو ئایەتەیە کافر ھەنگین دەچنە بەھەشت کە وشتر لە کونی دەرزییەوە بچێ. یانی ئەوی لە شاعیر قەوماوە ئەگەر لە وشتر قەومابا وا باریک دەبوو لە کونی دەرزییەوە دەچوو و کافریش بە بەھەشت وەردەبوون.

بۆ خۆشی شێعری دەگوت و بە خوێندەوارێک دەینووسینەوە. شێعرەکانی وەک شێعری شاعیرەکانی پێشوومان پڕ بوون لە وردەکاری شاعیرانە و وشەی بێگانە. بەڵام لە گۆرانی گوتندا بەندی وای دەگوتن سەربەسەر گەوھەریان دێنا. وشەی ساکاری کوردی و قافیەی جوان و مانای وردیان ھەبوو. ئەو دوو شێعرەی ئەوم لەبیر ماون.
جەفا و وەفا، ڕاستی و درۆ
بوونە کردەوەی ئەمن و ئەتۆ
جەفا پیشەی تۆ وەفا پیشەی من
ئەمن ڕەپ و ڕاست ئەتۆ درۆزن

سەڵت و ڕەبەن بوو، لە دیوەخانی خاڵم دەژیا. بە تەواوی مەعنای کەلیمە ھونەرمەند بوو. گوێی نەدەدا سەر و بەرگ و دەموچاوی، زۆر بەرزەفڕ بوو، چاوی لە بەرات و خەڵات و شاباش و دیاری نەبوو. دەنگی خۆش بوو، بۆ خۆی و بۆ دڵی خۆی گۆرانی دەگوت. بۆ خۆی وازی لێ نەبا، شاش لەبەری پاڕاباوە متەقی لێ نەدەھات. چاک لەگەڵ من ڕێک کەوتبوو. شەوانە پێکەوە لە دیوەخان دەماینەوە. من کتێبم بۆ دەخوێندەوە و ئەو بەیتی بۆ دەگوتم. من لەو بەیتانەوە فێری وشەی ڕەسەنی کوردی بووم. ئەگەر مامۆستا فەوزی شاعیرە بەرزەکانی کوردی پێ ناساندم و ئەدەبی فارسی فێرکردم، سەید عەوڵاش فۆلکلۆری ئەدەبی کۆنی نەتەوەکەمی پێ ناساندم و فێری وشەی ڕەسەنی کوردی کردم. ھاونشینیی سەید عەوڵا تەئسیرێکی قووڵی لە ژیانی ئەدەبی مندا ھەبوو و ئێستاش ھەیەتی. ئەو پیاوە نەخوێندەوارە یەکێکە لە مامۆستا ھەرە گەورە و بەنرخەکانی من.
با ئەوەش بڵێم من لە کولیجە بۆ یەکەم جار و ئاخر جار ئاشق بووم، عیشقێکی پڕ سۆز و کوڵ و ئەفلاتوونی، عیشقێکی پاک و خاوێن و ئاسمانی، عیشقێکی ساکار و منداڵانە و دوور لە ھەوەس و ھەوا. بەڵام ئەو عیشقە زۆری نەخایاند، زۆری دەوام نەکرد. ئەو گڕوکفە زوو دامرکا و خۆڵەمێشی فەرامۆشی دایپۆشی. گراویەکەم گاڵتەی بە ھەستی پاکی من کرد. ئەو لە من بەئەزموونتر بوو، ئەو ھەوەسباز بوو نە عاشق. بەڵام ھەرچی بوو ئەو گڕوکفەش تەئسیری لەسەر قریحەی شاعیرانەی من بوو.
پێشەکی
١٩٧٤/١/٢٣

پەراوێز edit