زەردە پەڕی، سوور بوو ئاسۆ
خەریک بوو سێرە هەڵگیرێ
لەباتی قاسپە قاسپی کەو
دەهات قرمژنی شێست تیرێ
ئاوری بەردەدا لە بەندەن
گڕی خومپارە و بازووکا
کام گوڵ گەش بوو، کام گیا شلک
بەو بڵێسە هەڵدەپرووکا
داوەستا لەو خڕ و شیوە
دووکەڵ و بۆگەنی بارووت
نەمامی ناسک و ساوا
بەدەسڕێژ دەبوونە بزووت
دەیشێلا هەڵاڵە و سوێسن
ناڵچەی پۆتینی ژاندەرم
نێرکی بیزا و مەندۆکی تەڕ
دەپەڕین بەگوللەی گەرم
کێوی لە حەوت کێوان تەقین
هەڵۆ دای لە شەقەی باڵان
کەروێشک تەماڵی هەڵگرت
ڕێوی خوشی بۆ کەنداڵان
کۆترە شینکەی قەدی شاخی
لوور بوونەوە ناو ئەشکەوت
سوێسکە لە بن پنچک خزا
چۆلەکە لە جریوە کەوت
خۆی لە رەندۆڵان هەڵکێشا
لە ترسان مار بەپەلەپەل
لە پەڕ پەڕۆچکەی ئاسمانێ
دیاری دا تارمایی خەرتەل
هەر چوار تەنشتی گیرابوو
لە سەنگەرێکدا بەتەنێ
ئەو لاوەی بەڵێنی دابوو
هەتا مردن چەک دانەنێ
پشوو سوار و گەروو وشک
گەرم ببوو چەکی دەستی
بەڵام هێشتا نەلەرزی بوو
دڵی پڕ لە هیوا و هەستی
هەرچەندە ئاڵقەی گەمارۆ
هەر وا دەهات تەنگتر دەبوو
ئەستێرەی هیوای دەدرەوشی
تا وەخت درەنگتر دەبوو
پەندی کوردانەیە و کۆنە
کە شەو قەڵاتی مێرانە
هەروا تاریکان پەیدا با
دڕی پێ دەدان شێرانە
ڕووناکبیرێکی تا ئیمڕۆ
دەچوو بەرەو ئاسۆگی ڕوون
ئێستا هیوای بە بوولێڵ بوو
بۆ لە گەمارۆ دەربازبوون
بڵێسەی دا لوولەی چەکێک
تێک هەڵگڵا لاوچاکی کورد
ئەفسەر یەک بەخۆی قیژاندی
به پیش به پیش گلولە خورد
لەبن پەسیوان دەرپەڕین
هێزی ڕەش و ئەهریمەنی
دێرا بەخوێنی شەهیدێک
«کوردستان» مێرگ و چیمەنی
دیسان خوێنی قارەمانێک
نەخشاندی ڕێگای ڕزگاری
دیسان لاپەڕەیەکی ڕەشتر
کەوتە سەر مێژووی زۆرداری
دوا نیگای بڕیە لای ئاسۆ
بەمۆلەق ڕاوەستا چاوی
شنەبای شەو هات ئەستڕی
وەک پەنجەی جوانێک جواناوی
لەناو خوێندا دەتلێنەوە
لاوی بەزیپک و بەسبات
بەڵام هەروا دەچێتە پێش
بێ وچان کاروانی خەبات