ئاڵەکۆک

هێمن add_a_photo
هێمن تاریک و ڕوون
٦٦. یادم بکەن
لەو دەمەیدا پیاڵە دەدرێن لە پیاڵە
لەو دەمەیدا لێوتان بەبادە ئاڵە
لەو دەمەیدا کۆڕی شادی دەبەستن
لەو دەمەیدا سەرخۆش و مەستی مەستن
لەو دەمەیدا کە دەگرن باز و دەروان
لەو دەمەیدا دەس دەگێڕن لە بەروان
لەو دەمەیدا دەس لە بەژنان وەردێنن
لەو دەمەیدا بەرکۆژە دەترازێنن
لەو دەمەیدا گەڕی ڕەشبەڵەک گەرمە
لەو دەمەیدا دەکوشن کام پەنجە نەرمە
لەو دەمەیدا دۆ دەکەونە خۆڕانان
لەو دەمەیدا کە دەکوشن گوڵمەی ڕانان
لەو دەمەیدا تامەزرۆن لە جێژوانان
لەو دەمەیدا بەخۆوە دەکوشن جوانان
لەو دەمەیدا گڕ دەگرێ مەیل و تاسە
لەو دەمەیدا تێک هەڵدەنگون هەناسە
لەو دەمەیدا کە دەمژن شەکرە لێوان
لەو دەمەیدا نەبێ لەمپەر و نێوان
لەو دەمەیدا پۆلی بێریان ڕادەبرن
لەو دەمەیدا کیژ چاوتان لێ دادەگرن
لەو دەمەیدا گوێ هەڵدەخەن بۆ تارێ
لەو دەمەیدا «ماملێ» دەڵێ قەتارێ
یادم بکەن، یادی منی دوور وڵات
یادی منی ڕێبواری ڕێگای خەبات
یادی منی بێ بەش لە خۆشی و شادی
یادی منی سەوداسەری ئازادی
١٩٧٣

پەراوێز edit