ئاڵەکۆک

هێمن add_a_photo
هێمن تاریک و ڕوون
١١. دواڕۆژی ڕووناک
لەمێژ بوو هەققی کورد دەخورا بەفیڕۆ
لەمێژ بوو کورد بوو دەیکرد شین و ڕۆڕۆ

لە مەیدانی شەقێنی دوژمنیدا
سەری سەرداری کوردی بوو وەکو گۆ

بەدەوری لاشی نیوەگیانی ئەودا
هەزار گورگ و چەقەڵ دەیکرد مڵومۆ

دەیانبەست بۆ کوتانی مەرج و پەیمان
هەناوی لێی دەهات بۆچڕووک و بۆسۆ

لە دێدا ئەمنیەی لێ ببووە مێمڵ
لە شاری (شارەبانی) لێ ببۆ سۆ

هەزار لاوی لە بەندیخانەدا مرد
هەزار پیاوی تەنافی خرایە ئەستۆ

کوڕی کوردی لە خوێنی خۆی دەگەوزی
کچی کوردی سەری کردبوو وەئەژنۆ

ئەوەی سووکایەتی بوو کردی پێمان
نەدەکرا کەس بڵێ بۆ وا دەکەی بۆ؟

بڕا نێفەک، دڕا سەرپێچ و دەسماڵ
برا کیژ و درا کوڕ پاڵەپەستۆ

گوڵستان و زەمەندی کوردەواری
بەپێی دوژمن دەبوو پێشێل و بۆژۆ

دەیانکرد دەغڵودانی ئێمە بەش بەش
دەیانبرد دانەوێڵەی ئێمە کۆکۆ

ئەوی گەنمی ڕەنێو دێنا بەزەحمەت
لە ماڵیدا نەبوو خۆی زمهەڕێک جۆ

لە کیسەیدا نەبوو تاڵایی تووتن
ئەوی سازی دەکرد سیگاری (ئوشنۆ)

بەدوو گەز جاوەوە خەونی دەبینی
ئەوی عەمباری شای پڕ کرد لە پەممۆ

پەنیر و ڕۆنەکەی ئێمە بەزاری
ئەوان دەخورا، دەما بۆ ئێمە هەر دۆ

مریشک و قاز و باڕۆکە و مراوی
بەشی وان بوو، بەشی ئێمەش پەڕوپۆ

لە شارا تاکو (تابین) جەردە و دز
وڵاتیان کردبوو تاڵان و تاپۆ

هەموو سووک و چرووک و پەست و بەدخوو
هەموو ناپاک و نائینسان و نامۆ

لەبەر زوڵم و فشار و جەور و بێداد
چلۆن تێک چووبوو لێمان ڕایەڵ و پۆ

جلیتباز کەنگێ دەیوێرا بڵێ هەو
فەلەخوێ کوانێ دەیوێرا بڵێ هۆ

لە ژێر باری گرانی زوڵمی دوژمن
دەیانبرد مەزنەکانی گەورە نسکۆ

لەپڕ جوولاوە خەڵک و تێکی ڕووخاند
بناخەی کۆشکی ئیستیبدادی یارۆ

شکا بێگانە، پاڵاوتی لەترسان
کوڕی کورد، هاتەوە دیسان هەلی تۆ

مەوێستە، خۆت مەگنخێنە، مەترسە
لە فیشاڵ و لە بوختان و لە دەمگۆ

هەتە حیزبێکی دێموکراتی پێشڕەو
کە پێویستە لە دەوری کۆوەبی کۆ

لە سایەی حیزبی دێموکراتی خۆمان
لە باڵدار تێپەڕی ئەوڕۆکە پێڕۆ

دەسا خۆت هەڵکە ڕێ ببڕە بە گورجی
بڕۆ پێش بێ وچان، لێ بخوڕە، باژۆ

نەما داخ و پەژارە و ماتەم و خەم
زەمانی هەڵپەڕین و بەزمە ئیمڕۆ

لە شایی ئێمەدا نابینی ئێستا
کچێکی دڵ بەخەم، لاوێکی بێ دۆ

درۆزن بۆی بزر بوو، هاتە مەیدان
کچی ئازا، کوڕی لێزان و هەقگۆ

توخوونی دوژمنی بەدکارە نابین
کە سووتاوە دەسی ئێمە بەپشکۆ

زمانی ئێمە گەر نازانێ دوژمن
دەبێ حاڵی بکەین ئەوجار بە بڕنۆ

لە پێشمان دایە دواڕۆژێکی ڕووناک
ئیتر ناخورێ هەقی ئێمە بەفیڕۆ
مەهاباد - ١٣٢٤

پەراوێز edit