ئاڵەکۆک

هێمن add_a_photo
هێمن ناڵەی جودایی
٤. تاوانی بێ هێزی
لە کۆ ئەسرین دەبارێنم لەبۆ کوردی پەراگەندە
لە گەرمێن غەرقی ئارەق بووم و چاوم هەر لە سامرەندە
منی زنجیرپسێن لێرە ئەسیری بسکی جوانێکم
زەمانە گەرچی ئاڵۆز و پەشێوە، (کەڵ بەموو بەندە)
گوتی: (ئێوارە بازاڕێ) وەرە ماچت دەمێ، نەمویست
هەڵۆی کوێستانی کوردستانم و ناژیم بەدەستەندە
دڵم سەد هێندی دیکانە بە ناز بشکێنی، دەنگ ناکەم
چ سوودێکی هەیە، کێیە بپرسێ داد و گازندە! ؟
جیهان و هەرچی خێر و خۆشییە بۆ هەڵبژاردانە
بەقانوونی تەبیعەت پاشەرۆک خۆرە ئەوی گەندە
ئەگەر تاوانی بێ هێزی نییە بۆچی لە دنیادا
بەشی من ماتەم و شینە، بەشی خەڵکی زەماوەندە
بەمردووییش نیشانەی گوللەیە ئەو کەللە پڕ شۆرە
ئەوێستاش دەرسی سەربازی دەڵێ ئەو شاعیرە ڕەندە
سەری تەعزیم لەبەر تۆ دانەواندن فەخرە بۆ (هێمن)
بژی (حاجی) کە کێوی هیممەتت سەد هێندی ئەڵوەندە
١٩٧٤

پەراوێز edit