ئاڵەکۆک

هێمن add_a_photo
هێمن ناڵەی جودایی
١٠. جوانی بەس نییە
جوان پەرستم، جوان پەرستم
بە دیداری جوانان مەستم
کە دەبینم کیژی تەڕپۆش
گشت خەمێ دەکەم فەرامۆش
کە کیژێکی جوان دەبینم
ساڕێژ دەبنەوە برینم
کە دەبینم لەنجە و لارێ
هەست ناکەم بە چ ئازارێ
کە نازدارێ ڕادەبرێ
دڵی ساردبۆوەم گڕ دەگرێ
کە چاو لە چاوێ دەبڕم
بە ئاسمانێدا دەفڕم
کە ڕێک دەکوشم پەنجەی نەرم
لەشی سڕم دەبێ گەرم
بزەی شیرینی سەر لێوێ
هەستی پیرانەم دەبزێوێ
نازی شۆخێکی نازەنین
دەمباتە بەهەشتی بەرین
بیرم لە بەرم دەڕوێن
کەچی کچم هەر خۆش دەوێن
کچ ئاواتی پیرۆزمن
خۆشیی دڵی پڕ سۆزمن
کچ نووری دیدە و چاومن
بەندی جەرگ و هەناومن
کچ ڕووناکایی ژینمن
کچ هەتوانی برینمن
***
بەڵام ژین هەر هەوەس نییە
جوانیش بەتەنێ بەس نییە

پەراوێز edit