هێندە بێزاری کە زانیومە بە زاری نایەوە
دوور لە باڵاکەت سەرینی نائومێدیم نایەوە
بولبولێکی خۆشنەوا بووم بۆ نەوای دەوری گوڵت
کێ وەکوو هودهود حیکایاتی سەبای گێرایەوە
بۆ پیاڵەی مەیلی لەیلا قەلبی مەجنوون قابیلە
شۆڕشی شیرین لە ناڵەی کۆهکەن فامایەوە
حەیفێ هێندەت دەربەدەر کرد دڵ ئیقلیمی ویسال
شیری منداڵیت بە زەهری هیجر پێ هێنایەوە
بۆ کەناری سەوزەیی دەوری گوڵی ڕووت شین دەکەم
خاکی کۆی ئیشقت بە بێژنگی سەرم بێژایەوە
کەوتە سەر خەرمانی عومرم ئاگری تولی ئەمەل
سەد کەڕەت بارانی وەعزی لێدرا نەکوژایەوە
شیری ئەبرۆ، تیری موژگان، تاق و جووت دەنوێنێ پێم
تا بزانم ڕووحی شیرینت چلۆن کێشایەوە
جێی نەزەر بوو حاشییەی زوڵفت لەسەر ئایاتی ڕووت
زۆر موتاڵام کرد وەکوو دەور و تەسەلسول مایەوە
تاقی میحرابی برۆت جێی نازە بۆ ئەهلی نییاز
سۆفی وەیزانی کەچە هێند کەر بوو خۆی گێڕایەوە
شەمعی خووبان پڕتەوێکی شەمسی ڕووی تۆی لێ کەوت
هێند حەیا و شەرمی بە خۆیدا هات بەجارێ توایەوە
گوڵبژێرێکی زەریفم کرد لەنێو باغی خەیاڵ
خۆزگە مەردێکی «ڕەشید» بۆ «شێخی» بخوێندایەوە