تەعاڕوفی بە سیگارە، شیعاری ئەهلی کوبار
سەبیلی عادەتی مەسدوودە بۆ ڕەواجی سیغار
لە قاوی قاوەچی هەرکەس کە مەشرەبی چا بێ
بە دوودی قەننە قەناعەت دەکا فەقیر و هەژار
میزاجی ئادەمی خاکی هەوا بە ئاویادا
عینانی سەبر بەدەس با گەییشتە کوورەی نار
بە موڵکی وەحدەت ئەگەر ئاشنا بێ مونکیری حاڵ
دەزانێ عومری عەبەس بوو لە کەسرەتی ئەغیار
زەڕی نەبێ سەمەرێکی نییە درەختی غەیر
ئەگەر بە بەرد و پلار سەرچڵی بخەیتە خوار
درەختی موڵکی دڵم میوەیێکی کاڵی هەیە
خودا بکا بە تەحەممول بگا بە سەبر و قەرار
بە داخ و حەسرەت و غەم دەچمە حەڵقەیی ماتەم
سەفایەکی نەبوو سەعییم لە تەرفی کۆیی نیگار
لە وەختی عالەمی ئەڕواحەوە هەتا ئێستا
سەفەر دەکەم نەگەیشتم بە مەنزڵی دڵدار
فیدای زیندەدڵانی تەریقی خووبانم
هەمیشە تازەدڵن وەک گوڵی هەمیشەبەهار
لە چەشمەساری مەعاریف کەسێ نەسیبی نەبێ
هەمیشە چاوی تەڕە، زاری وشکە، لێوی بەبار
حەریقی ئاگری غەم سیخی عومرمی سوتاند
کەبابی سینە بە ناپوختە هاتە مەجلیسی یار