ڕێوییە گەڕۆڵ لەبرسا کەوتوو
لەبەر گەڕۆڵی لە کونا خەوتوو
پیر و بێتووک، دیان شاش و چەوت
گا گا لە بن بەرد، گا گا لە ئەشکەوت
لەترسی تانجی بە زگی برسی
ئەیخوێند بە خۆیا ئایەتەلکورسی
لەتاو برسێتی ڕووی کردە دێیێ
بەڵکوو پەیا کا شتێ لە جێیێ
گەیشت بە پۆلێ مریشکی زۆر چاخ
هەموو هێلکەکەر، هەموو بەدەماخ
کە مریشکی دی بە شادی و خەندان
کلکی بەرزۆ کرد، دەمی داچەقان
زانی بەجارێ گشتی ناگیرێ
بۆخۆی سازانی فێڵ و تەگبیرێ
ڕووی کردە مریشک وتی: ئەسسەلام
عەلەیکوم بیلخەیر ئەی گرۆی ئیسلام
چۆنە تەهلیلە و نویژ و ڕەفتارتان؟
چۆنە زیکر و فیکر سوبح و ئێوارتان؟
من شێخ ئیرشادم، خاوەن ئیمانم
سەردەستەی جەمیع مەشایەخانم
بێن تۆبە بکەن دنیا فانییە
بۆ هیچ کەس تاسەر بەبەقا نییە
دەسنوێژ بشۆرن، نییەت دابەسن
قەتار بپێکن، هەموو ڕاوەسن
چاو بنووقێنن، بێ قسە و کەلام
هەموو نوێژ بکەن بۆ خوای عەلام
گەر تەپەتەپێ یان فڕەی باڵێ
هاتە گوێچکەتان بـەهەر ئەحواڵێ
چاو هەڵمەبڕن ئامان سەد ئامان!
ئەوە مەلەکە دێت لە ئاسمان
بە ئەمری ڕێوی دەسنوێژیان شۆری
قەتاریان پێکا، دڵیان نەگۆڕی
ڕێوی کە زانی نێچیری ڕێک بوو
بۆ گرتن مریشک کەوتە هاتوچوو
یەکێکی گرتن خەیلێ بەدەوان
کە فڕەی باڵی هاتە گوێی ئەوان
وتیان سەد دەخیل خۆتان بکەن مات
ڕێوی ڕاستی کرد وا مەلەکێ هات
دەخیلە هەرگیز یەکتر مەدوێنن
ڕوو لە قیبلە کەن دوعا بخوێنن
ڕێوی دەمی برد یەکێ تری گرت
ملی هەڵکێشا زۆر بە دەستوبرد
دووبارە وتیان (صَدَّقْتَ) یا پیر
ئێمە هەموومان تۆمان هەی دەسگیر
یەک یەک و دوو دوو تەواوی کردن
زۆر بێڕەحمانە لەناوی بردن
ئاخری خوای مریشک حەقیان ئەسـێنێ
بێچوە شێرێکی بۆ ئەگەیێنێ
ئێسکوپروسکی ئەهاڕێتە یەک
بێ تەقەی تفەنگ، بێ سیلاح و چەک
بێشک هەر کەسێ کە مەزڵووم خۆرە
بۆ ئاخری ئاوا ئەڕوا بەم جۆرە
لەبەر گەڕۆڵی لە کونا خەوتوو
پیر و بێتووک، دیان شاش و چەوت
گا گا لە بن بەرد، گا گا لە ئەشکەوت
لەترسی تانجی بە زگی برسی
ئەیخوێند بە خۆیا ئایەتەلکورسی
لەتاو برسێتی ڕووی کردە دێیێ
بەڵکوو پەیا کا شتێ لە جێیێ
گەیشت بە پۆلێ مریشکی زۆر چاخ
هەموو هێلکەکەر، هەموو بەدەماخ
کە مریشکی دی بە شادی و خەندان
کلکی بەرزۆ کرد، دەمی داچەقان
زانی بەجارێ گشتی ناگیرێ
بۆخۆی سازانی فێڵ و تەگبیرێ
ڕووی کردە مریشک وتی: ئەسسەلام
عەلەیکوم بیلخەیر ئەی گرۆی ئیسلام
چۆنە تەهلیلە و نویژ و ڕەفتارتان؟
چۆنە زیکر و فیکر سوبح و ئێوارتان؟
من شێخ ئیرشادم، خاوەن ئیمانم
سەردەستەی جەمیع مەشایەخانم
بێن تۆبە بکەن دنیا فانییە
بۆ هیچ کەس تاسەر بەبەقا نییە
دەسنوێژ بشۆرن، نییەت دابەسن
قەتار بپێکن، هەموو ڕاوەسن
چاو بنووقێنن، بێ قسە و کەلام
هەموو نوێژ بکەن بۆ خوای عەلام
گەر تەپەتەپێ یان فڕەی باڵێ
هاتە گوێچکەتان بـەهەر ئەحواڵێ
چاو هەڵمەبڕن ئامان سەد ئامان!
ئەوە مەلەکە دێت لە ئاسمان
بە ئەمری ڕێوی دەسنوێژیان شۆری
قەتاریان پێکا، دڵیان نەگۆڕی
ڕێوی کە زانی نێچیری ڕێک بوو
بۆ گرتن مریشک کەوتە هاتوچوو
یەکێکی گرتن خەیلێ بەدەوان
کە فڕەی باڵی هاتە گوێی ئەوان
وتیان سەد دەخیل خۆتان بکەن مات
ڕێوی ڕاستی کرد وا مەلەکێ هات
دەخیلە هەرگیز یەکتر مەدوێنن
ڕوو لە قیبلە کەن دوعا بخوێنن
ڕێوی دەمی برد یەکێ تری گرت
ملی هەڵکێشا زۆر بە دەستوبرد
دووبارە وتیان (صَدَّقْتَ) یا پیر
ئێمە هەموومان تۆمان هەی دەسگیر
یەک یەک و دوو دوو تەواوی کردن
زۆر بێڕەحمانە لەناوی بردن
ئاخری خوای مریشک حەقیان ئەسـێنێ
بێچوە شێرێکی بۆ ئەگەیێنێ
ئێسکوپروسکی ئەهاڕێتە یەک
بێ تەقەی تفەنگ، بێ سیلاح و چەک
بێشک هەر کەسێ کە مەزڵووم خۆرە
بۆ ئاخری ئاوا ئەڕوا بەم جۆرە