ئاڵەکۆک

قانع add_a_photo
قانع باخچەی کوردستان
٢٩. رەشبەڵەک لە جەژنی لادێدا
کوڕگەل وا دیسان ڕۆژی شادییە
بەزمی هەڵپەڕکێ و دڵ ئازادییە
چرپەی گەورە کچ، ڕوو ئەکاتە ماڵ
ئارایشت ئەکا بە لفکەی دەسماڵ
چارەکەی خامەک ئەکاتە کۆڵی
خڕخاڵ مەچەکی چەشنی سەهۆڵی
ملوێنک لە مل، لوولە لە سەر دڵ
چاو پڕ لە غەمزە، ڕوومەت تۆپی گوڵ
قەف قەف زوڵفی ڕەش، پێچ و لوول وەک مار
تێکەڵ لاچەناخ لە سەر تا بە خوار
برقەی بەرچاوە و کڵاوزەڕ
ئەگریجەی قرتاو، وەک ڕێحانەی تەڕ
ورشەی گوارە گوێ، زریکەی لاگیر
هاڕەی پڵپڵە و سڵسڵەی زنجیر
شۆرتکە و کەمەرە، هەیاسەیی پشت
گۆیەخە تا خوار، جوانترین لە گشت
کەوشی یەمەنی، ڕەوشتی لادێ
لە هەڵپەڕکێدا کە هەر خشپەی دێ
کەوا تۆزێ ئاڵ، کراس مەیلەو سوور
سرکەیی کۆڵی بەرق ئەدا لە دوور
سوخمەی نارنجی گۆدەڵەک پێوە
لە ژێر سوخمەدا، دوو شەکرە سێوە
خاو خاو بە وێنەی نیمچە غەزاڵان
دێت بۆ ساراتی قەراخی ماڵان
***
دەستەی هەرزەکار، ڕانک و چۆخە چاک
یەک یەک کۆ ئەبن، وەک شێری بێ باک
کڵاش هەورامی، پەستەکی بانە
پشتێن کەتان چن، ڕەسمی زەمانە
کەوا و پانتۆڵی لە فاسۆنی جوان
فەقیانەی دوو گەز ئەخاتە سەر شان
دەمانچە لە پشت، فیشەک لغ لە مل
تەزبێح کارەبا تۆزێ دەنک زل
خەنجەری دەبان، کالان تەواو زیو
نەخشین کراوە، ئەم دیو و ئەو دیو
دەسەسڕی ئاڵ، لفکەی بەر کەمەر
سووچی دەسەسڕ، سەر مشتووی خەنجەر
کڵاو گروونی گرێ چن تەواو
لفکە لە لا شان، مشکی تێکەڵاو
کوڕ و کچ لەویا تێکەڵاو ئەبن
هەموو بۆ سارای لا ماڵان ئەچن
ئەو کچە جوانە و ئەو کوڕە قۆزە
دێتە کایە جەژنە پیرۆزە
بە دەم پێکەنین، ئیشارە بە چاو
یەک بۆ یەکتری ئارام تیا نەماو
***
کاتێ زوڕناچی کە ئەیان بینێ
هیچ بیر و هۆشی لە لا نامێنێ
کاکەی دەهۆڵکوت، دەهۆڵ لە سەر دڵ
ئەو لە زوڕناچی، چاکتر دێتە کوڵ
بە بێ پێ وتن، سا تف لە گۆچان
گرمەی دەهۆڵی ئەگاتە ئاسمان
زوڕناچی پیقەی زوڕنا دەردێنێ
سێ جار لە سەر یەک پیا ئەپیقێنێ
پەنجە شل ئەکا ئەمجار لە سەر کون
دێنێتە سەما، هەزار وەکوو من
بە بەکر بەگی و فەتاح پاشایی
ئەخاتە جووڵە تەواو ئاوایی
هەندێ شۆرە ژن کە مەیلەو پیرن
سپی و نەرم و شل، قاشی پەنیرن
بیری زەمانەی گەنجی دێتە دڵ
ئەدەن لە مێزەر هەر یەک چەپکێ گوڵ
بە بۆنەی سەیرۆ، دێن بۆ سەر شایی
یەک لە یەک تری موبارەکبایی
ئەمجا، کچ و کوڕ بەزمی ڕەشبەڵەک
قەتار ئەپێکن، دەس ئەگرن بە یەک
یەک بێوەژنێ، تەڕ پیری تەڕ پۆش
تۆزێ چەرمەڵە و تەواوی دڵ خۆش
سەرچۆپی ئەگرێ، بە لەنجە و لارە
کوڕ و کچ تێکەڵ، ڕیز بە قەتارە
ئەم شان ئەو شان، وەک کەوی پڕ خاڵ
هەڵ ئەسووڕێنێ، پەی لە پەی دەسماڵ
کوڕ و کچ تێکەڵ دێنە سەر شادی
ئەڵێی وەر ئەگرن، ئەمری ئازادی!
***
سا دڵ بلەرزێ، سا چاو بڕوانێ
سا دەم پێکەنێ، هەتا ئەتوانێ
سا خەم هەڕا کا، مل خۆی بشکێنێ
سەد هەزار قەیسەر لەویا نانوێنێ
مامەی ڕیش سپی دێتە سەر سەیران
هەر بیر ئەکاتۆ لە جاری جاران
ئەزانێ ئەمە ئیشی خۆی بووە
«پیری و هەزار عەیب» لە دەستی چووە
کە سەرچۆپی کێش عیشوە ئەنوێنێ
مامەیش بەو جۆرە سەر ئەجووڵێنێ
سینگی پێی جار جار ئەدا لە زەوی
بیر ناکاتەوە لە کۆکەی شەوی
لە ناو خەیاڵا وەها مەس بووە
نازانێ ئاخۆ دێرە یان زووە
کیسە تووتنەکەی دەر دێنێ جار جار
سەبیل تێ ئەکا بەرامبەر قەتار
دووکەڵ لە لووتی وەک قەفی ڕەشمار
پێچ پێچ دێتە دەر، لە سەر تا بە خوار
بەم جۆرە بەزم و هەڵا و هەرایە
کاتێ ئەزانن عەسرە و دوایە
بەتاڵی ئەکەن، ئەچنەوە بۆ ماڵ
بۆ سەر ئیش و کار، ناو ماڵ و مناڵ
شاباشی چاوەش، درەم و دینار
دا ئەبارێنن وەک هەوری بەهار
بۆ تەنیا ڕۆژێک وا تەکان ئەدەن
ئاخۆ بۆ جەژنی سەربەستی چی بکەن؟

پەراوێز edit