ئاڵەکۆک

قانع add_a_photo
قانع باخچەی کوردستان
٢٢. نەکەم چی بکەم
کە بۆم دەس نەدا ڕەندی دەسا تەقوا نەکەم چی بکەم؟
ئەسیری زوڵفی تاتاتم، کە واوەیلا نەکەم چی بکەم؟
لە کونجی سۆمعەی زوهدم، هەزاران شێخ شاگردمە
لە شێخ بەدتر هەموو سەرفی قەدی تەرسا نەکەم چی بکەم؟
ئەڵێن مەجنوونی زوو شەیدا بە باڵی سەوڵی لەیلا بوو
منی شەیدا فیدای باڵات، ئەگەر لەیلا نەکەم چی بکەم؟
نە مەحویم تا کە مەحو بم، نە نالیم تا بناڵێنم
بە شۆری شیعری شیرینم، فەلەک شەیدا نەکەم چی بکەم؟
لە ئەوسافی سەلاحەددین قەڵەم ماندوو بووە ئەمجا
ئەگەر وەسفی خەرافاتی کوڕی کیسرا نەکەم چی بکەم؟
خەیاڵم وایە بیری دڵ، لە عوودی سینەما دەرخەم
لە بۆ ئەم هۆزە جێماوە، دەنگێ بەرپا نەکەم چی بکەم؟
لە گۆشەی باخی کوردستان هەزار قانع بە بولبول بوو
لە باتی باخەوان ئەمڕۆ، کە خۆم ڕیسوا نەکەم چی بکەم؟

پەراوێز edit