تا حەیاتم بێ لە دڵما، شەرتە میهرت دەر نەکەم
رۆژ پەرەستم تا بمێنم، سوجدە بۆ ئەختەر نەکەم
شەرت و عەهدە مەیلی گەرمت قەت لە لام ساردۆ نەبێ
تا سەرم نەدروونە جاو و زیارەتی مەحشەر نەکەم
وشکە سۆفی ڕیش بڕاوە، واعیزی سەر مینبەرم
چۆن لە داخی غەیری ئەبرۆت تەرکی هەر مینبەر نەکەم؟
گەر وەکوو مەجنوون لە کێوی نەجدەدا خۆ داگرم
شەمشەمەکوێرەم کە ڕوو بۆ شەمسەکەی خاوەر نەکەم
گەر لە لێوی لەعلی ئاڵت قەترەیێکم دەس کەوێ
ڕوو ڕەشم گەر تەرکی ئاوی زەمزەم و کەوسەر نەکەم
نووکی موژگانی لە خەنجەر تیژترە بۆ قەتڵی من
چۆن بە جارێ تف لە شیر و خەنجەر و نەشتەر نەکەم؟
عەرزی یارم کرد کە بۆچ پەرچەم لەسەر ڕوخسارتە
پێی وتم بەزمە! لە سەر چی عوود لەسەر مجمەر نەکەم؟
هەر شەوێ دولبەر بە نازۆ ڕوو بکاتە مەنزڵم
ڕەببی لاڵ بم گەر لە ڕێیا تەرکی ڕۆح و سەر نەکەم
یار بە ئیستیهزازەوە فەرمووی قانعا ماوی شوکور
لافی میهری تۆ درۆیە، من ئەبێ باوەڕ نەکەم