ئاڵەکۆک

قانع add_a_photo
قانع باخچەی کوردستان
١٧. خاکی وەتەن
ئەی خاکی وەتەن! قوڕ بە سەر و بێ سەر و پا خۆم
بۆ بێ هونەری ئەهلی وەتەن، شێتی جەفا خۆم
جێ ماوە وەتەن، بۆ وەتەنم غەرقی فەنا خۆم
پەستر لە هەموو هاوسەر و هاوماڵ و برا خۆم
دوور کەوتە و ئاوارە لە هەر سەیر و جەفا خۆم
ئەی خاکی وەتەن بۆچی نەما غیرەتی شێران؟
ئەی خاکی وەتەن بۆچی نەما بەزمی دلێران؟
کوا سەڵتەنەتی عێلی بەبە و شاکەل و شیروان؟
بۆ مسڵەخی پڕ خوێنی ئەسیران و هەژاران
دەک لاڵ و کەڕ و کوێر و کز و شێخ و مەلا خۆم
ئەی کاغەزی تەرفیعی وەتەن! بۆچی دڕاوی؟
ئەی ڕەونەقی بازاڕی وەتەن! بۆچی نەماوی؟
ئەی خەنجەری شێرانی وەتەن! بۆچی شکاوی؟
ئەی خاکی وەتەن! چونکە وەها خەستە کراوی!
گەر شینت نەکەم، ڕووڕەشی دیوانی جەزا خۆم
بۆ سەر کزی ئەم هۆزە دڵ و جەرگ برینە
بۆ شینی وەتەن، چاوی خیرەد پڕ لە گرینە
بێ شێریە ئەمڕۆ کە وەها بێشە حەزینە
نووری بەسەری ئەهلی هونەر تانەیی شینە
بێ ئالەت و شمشێر، لە مەیدانی وەغا خۆم
ئەی خاکی وەتەن بۆچی وەها کوێرە وەجاخت؟
پەژموردە و بێ ڕەنگە، هەموو چیمەن و باخت؟
پڕ لە ستەم و جەورە یەقین، دەربەن و شاخت
ئەی خاکی وەتەن! وێردی شەو و ڕۆژە لە داخت
بۆ بێ کەسی ئەم خاکە، دەسا بەندی بەڵا خۆم
قانع! وەرە ئەم جارە، دە غەوغایێ بە پا کە
بۆ خاکی وەتەن فەرزە بە دڵ ڕۆح بە فیدا کە
پیراهەنی بەدناوی، بە نامووسی کەوا کە
سەف بگرە بە کوردان و لە چۆپیوە سەما کە
ئەو وەختە بڵێ خاوەنی هەر بەزم و هەرا خۆم

پەراوێز edit