عاجز مەبە هەرگیز لە چەپی چەرخی ئابنووس
گشتی بە دەستی فەردە مەقامات و چارەنووس
باری کە مەیلی هەس، بە خراپ بوونی مەملەکەت
ئەسپابی زاهرییە ئوردووی تورک و ڕووس
ئایا لە حاڵ و حوکمی سولەیمان شارەزای؟
یاخود لە وەزعیات و لە ئەعمالی فەیلەقووس
گشت مەست و ماتی خاکن و بێ دەس لە هەر خیتاب
نە پارە کار ئەکات و نە زمانی چاپلووس
کەی مەرهەمی جەڕاحەتی زۆرابە تورکستان
ڕۆستەم چ سوودی دی، لە شجاعاتی گیو و تووس؟
ناحەق نیسار ئەکا دڵ و ڕۆحی ئەسیری ئیشق
ناژی بە بیمی خەڵک، سەفایی کەنار و بووس
یا شیعری قانعی چ تەنەعوم بە قانعی
چۆن بێ ڕەواجە لەلای برادەرانی لووس و پووس