ئاڵەکۆک

قانع add_a_photo
قانع گوڵاڵەی مەریوان
٣٧. چوار چوار
چوار شتن ئەمڕۆکە بوونە نەگبەتی کوردی هەژار
جەهل یەک، بێ‌عەقڵی دوو، دڵپیسی سێ، داوا چوار

مەنعی پێشکەوتن ئەکەن لەم خاکمانە چوار گرۆ
خان یەک، سەردار دوو، بەگزادە سێ، ئاغا چوار

نایەڵن بۆخۆم ڕەحەت بم، سەربەخۆ تاوێ بژیم
ئەجنەبی یەک، مامە دوو، ئەقتاعی سێ، کۆێخا چوار

من لە داخی سەرکزیی ئەم میللەتە چوار دەردمە
سیل یەک، مالاری دوو، چاوکوێری سێ، ئیسقا چوار

یادگاری ڕەنجی پەنجەی کوردەکانە چوار ئەساس
قەسر یەک، ئاراس دوو، شامات سێ، بەغدا چوار

فەخرە بۆ من ئێعتیزاز و حورمەتی چوار تایەفە
زەند یەک، گەڵباخی دوو، شیروانی سێ، میدیا چوار

باز بووم باڵی شکانم چوار بەڵای نەحسی خراپ
خانەقا یەک، تەکیە دوو، عەمامە سێ، عابا چوار

چوار سیفەت مەوجوودە بۆ من بۆیە هیچ‌کەس نایەوێم
قانعی یەک، شیعر دوو، ڕووخۆشی سێ، مەللا چوار
دیوانی قانع، گوڵاڵەی مەریوان، خەلیفە شوکڕوڵڵا دووهاڕووت، چاپی یەکەم ١٣٨٨ هەتاوی سنە، لاپەڕە ٢٥.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit