ئاڵەکۆک

قانع add_a_photo
قانع گوڵاڵەی مەریوان
٣٥. پێنج خشتەکی لەسەر شێعری کوردێک
هەوای سەر شاخ و کوێستانم پزیشکی دەرد و عیللەتمە
خوا ئاوا بێ ئەم خاکە، کە مایەی ژین و سیححەتمە
دە ڕەببی کوێری کەی هەرکەس، لەسەر فەوتانی جەننەتمە
نیشانەی تیری زیللەت بێ، ئەوی بەدخواهی میللەتمە
دە غەرقی گێژی نەگبەت بێ، ئەوی دوژمن سەعادەتمە

بە دەستی خۆم نییە وەڵڵا، لە دیوانی خوا کوردم
لە ناو شێخ و بەگ و میر و مەلا و شاهـ و گەدا کوردم
تەماشای جەوهەری من کەی، ئەزانی ئاشکرا کوردم
بە کوردی بووم و خولقاوم، هەتا ڕۆژی جەزا کوردم
لەسەر ئەم بیرەمە ژینم، ژیانێکی حەقیقەتمە

فیدات بم، کوردە بۆ خاکت، چ بێ عەیبە و چەنێ دڵگیر!
ئەگەر خاکت نەسوتێنن، بەناری حیلە وو تەزویر
بەهەشتێکە کە ئیحتیاجی نییە هەرگیز بە جۆگەی شیر
وەتەن زۆر خۆشە قەدری بێ نیهایەت نایەتە تەقریر
لەلای عالەم کە دۆزەخ بێ، بڵندتر لە سەد جەننەتمە

تەماشای پیرەمەگرون کە دەماخی چەندە سەربەرزە
لە باخاتی تەبیعەت دا گوڵاڵەی سەد هەزار تەرزە
تەماشای ئایەتی خوا کەن لە ئەوسافی وەتەن ڕەمزە
بە بورهانی کەلامی حەق، بە دڵ حوببی وەتەن فەرزە
کەسێ مونکیر بێ بەم قەولە نەزانینی لە سەر خەتمە

وەتەن! دێوانەکەی خۆتم، بەڵاگەردانی بەرپێتم
ئەگەر بێتوو قبوڵم کەی بەدڵ سەربازی سەر ڕێتم
جگەرسووتاوی لاوانی بەبێ‌ ماڵ و بەبێ جێتم
لە باخی عیشقی میللەتدا فیداکاری نەکەم شێتم
فیداکاری لەسەر ڕێی هێرشی سەیلی موحەببەتمە

چ خۆشە زەحمەتی زۆر زۆر، لە پاشان ڕەحمەتی تیا بێ!
چ شیرینە دەوای تاڵی، بە شەرتێ سیححەتی تیا بێ؟
نەبوونی خۆم و ئەولادم قبووڵە عیززەتی تیا بێ
بە ڕۆح کێشانی خۆم ڕازیم ژیانی میللەتی تیابێ
بە بێ ژینی وەتەن، ژینم ژیانێکی مەزەللەتمە

خوا! بۆ خاتری جەمعی وەتەن‌خواهانی دڵپاکان
بە خوێنی ناحەقی کوژراوی ئەشکەوتان و بن بەردان
بە حەققی حەزرەتی پێغەمبەر و سیی جزمەیی قورئان
بژی کورد و بمێنێ تا قیامەت خاکی کوردستان
بە عەونی ئەو خوایە خالقی فیکر و تەبیعەتمە
دیوانی قانع، گوڵاڵەی مەریوان، خەلیفە شوکڕوڵڵا دووهاڕووت، لاپەڕە ٦١و٦٢.
دیوانی قانع، هۆنراوەی: شێخ محەممەد کابولی، کۆکردنەوەی: بورهان قانع، کەڕەتی چاپ: هەشتەم ١٣٩٣ انتشارات پانیذ، لاپەڕە ٢٢٦و٢٢٧.
نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit