ئاڵەکۆک

ف-نامۆ add_a_photo
ف-نامۆ › ئاسۆی خەیاڵ ›
٢. شاری من
شاری من، سەت کە مەکۆی خەم بی لە تۆ ڕاناکەم
ئەتکە بۆ من کەلە تۆ و بایەخی تۆ حاشا کەم
بەبیانوی ئەوە دڵ تەنگە لە تۆدا ناچم
ڕووکەمە شارێ ترو شادی لەوێ داوا کەم
شەوی ڕەش ناکەمە ڕووبەندەیی خۆ بۆ دەرچوون
کاری وا کاری نە مەردانە ئەمن وا ناکەم
لانەدەم شەرتە لە رێبازی وەفا تاکوو ئەژیم
چیت دەوێ پڕبەدڵم بۆ دڵی تۆ هەروا کەم
تا دڕوویەک لە دڵی ناسکی تۆ دەربێنم
سەت دڕوو بۆت لە دڵی پڕ لە برینم ڕاکەم
لە دڵی خەڵکت ئەگەر دەستی جەفا عەشقی دزی
لە بریی جارێکی تر باخی ئەوین بەرپاکەم
داستانێکی تری 'زین'و'مەم'ی 'خانی'، منیش
بۆ هەموو کیژ و کوڕانت دەم و دەس ئینشا کەم
من لە چارەی خەمی تۆ گەر نەگەڕم کێ بگەڕێ
چۆن لە خۆم ئاشق و دێوانەترێ پەیدا کەم
بە گوڵێ هەرکە لەلای وایە بەهار نایە بەتوون
بێ و ببینێ بە گوڵێ چۆن دەمەوێ غەوغا کەم
لەو شەقامەی کە وەبەر نایە مەگەر تۆوی مەراق
'فاتێحا' بۆم هەیە تا باخ و چەمەن بەرپا کەم
خەم مە خۆشاری دەلالم لەوە لێت هەڵبێ کەسێ
من ئەمەکداری ئەتۆم و وەکوو ئەو تا، ناکەم
پێکەنە پێکەنە تاپڕ بە جیهان پێبکەنم
بکە باڵا کە بە خۆشیتەوە من باڵاکەم
لە سوروشتی تۆ سپی و سوور و سەوز تێک بتەنم
پەلکە زێرینەیەکی پڕ لە قسە و هێما کەم

تاران
١٣٩٥/٥/١١
سەرچاوە: t.me/namopoem
نووسین: ئەسعەد عەبدۆڵڵاهی

پەراوێز edit