ئاڵەکۆک

نامۆ add_a_photo
نامۆ شیعرەکان
٢. ژان ئەگەر ڕۆژێک هەڵسێت بۆ کوێ دەڕوات
ژان ئەگەر ڕۆژێک هەڵسێت
بۆ کوێ دەڕوات
بەرۆکی کام هەژار دەگرێت
لە کام خواوە دوور ئەبێت
لە ئامێزی کام هەتیودا ئارام دەگرێ
ژان ئەگەر ڕۆژێک هەڵسێت
بە کام ڕێگەی هەوراز دا تێدەپەڕێت
سواری کام شەمەندەفەڕی بێ گیان دەبێت
لە کام گۆڕەپاندا چەک بە دەستییەوە دەگرێ
لە کام ڕاپەڕین دا بە شوێنی ئازادی دەگەڕێت
ژان ئەگەر ڕۆژێک هەڵسێت
دەستی لە کام گوڵەوە چەکەرە دەکات
بە کام تەباشیر چارەنووسی خۆی دەنووسێت
لە کام هۆڵدا گەشە دەکات
چۆن خۆی دەناسێنێت
ژان ئەگەر ڕۆژێک هەڵسێت
هەڕەشە لە کام پیاو دەکات
کامە مەتەڵ بە ژنان پاشگەز دەکات
کۆڵەمەرگی کێ بە ڕووی دا دەهێنێت
شوێنپێی کێ دەگرێت
بە کام ڕەوت ژیان دەکات
کامە خوا لە لای باو دەبێت
بەرهەڵستی کامە سەرکردە دەبێت
ژان ئەگەر ڕۆژێک هەڵسێت
لە کوێ سەقامگیر دەبێت
لە باوشی منداڵێکی بێ باوک
یا لە کونجی مزگەوتێک
و یا لە دەستی قەشەیەکدا
بە کامە پۆڵا دەستی شەقام دەبڕێت
بۆ کێ درووشمە دەنووسێت
لە کام دوورگە بچووکەکانی کەنارا جێ هەڵدەخات
ژان ئەگەر ڕۆژێک هەڵسێت
کام شێعری شێرکۆی بە دڵ دەبێت
کامە زۆرتر باسی ئەو دەکات
ماڵی هەژارییەکەی کام ئەندازیار درووستی دەکات
تۆ کە هەر خەم بە شوێنی جۆگەلەیەک دەبەیت
کامە ڕووبار بۆت دێنێتەوە
ژان ئەگەر ڕۆژێک هەڵسێت
یاری کامە منداڵانی بە دڵ دەبێت
پێی خۆشە کامە دڵی خۆش ناخۆش کات
ژان ئەگەر ڕۆژێک هەڵسێت
بە کام شەقامدا تێدەپەڕێت
بەڵام بە ڕای من
ژان ئەگەر ڕۆژێک هەڵسێت
یەکەم، من لە ئامێز دەگرێت
تا ئێستا لە لام نەڕۆشتووە
تا بڵێم ئیتر بۆ کوێ دەڕوات
ژان ئەگەر ڕۆژێک هەڵسێت ئیتر بۆ کوێ دەڕوات
نووسین: سەتتار موحەممەد پوور

پەراوێز edit