ئاڵەکۆک

مستەفا بەگی کوردی add_a_photo
کوردی دیوانی کوردی
٥١. برادەر بۆچی وا بێ سوێند و شەرت و عەهد و پەیمانی
برادەر! بۆچی وا بێ سوێند و شەرت و عەهد و پەیمانی؟
لە من بێزاری دایم یاری ئەغیار و ڕەقیبانی
ئەمن دادم لە دەست بێ عەهد و شەرتیت بوو ئەمێستاکە
لە سەر ڕێی بێوەفایی وا دیارە زۆر بە عینوانی
دەڵێن زۆر توند و بەدخوو تورکی یەکجار مەست و بێباکی
بە توندی و مەستی و بەدخووییتا دیارە لە یارانی
بە تیغی ئەبروانت بووی بە جەللادی هەموو عالەم
دەڵێن دەروێش و سۆفی و تۆبەکار و نوێ موسوڵمانی
هەموو ئێران موسەخخەر بوو بە غەمزەی چاوەکەت گۆیا
لە لای خۆشت غەریب و بێ کەس و مەحکووم و میهمانی
لە ترسی موددەعی یارای ڕوانینم نییە هەرگیز
بە فرسەت جار جارە مەر نیگاهێ کەم بە پەنهانی
دەزانی گەرمە بازاڕی جەماڵت تا دوو ساڵی تر
لەگەڵ کڕیارەکانت بۆیە یەکجار وا گرانجانی
لە لای هیچ کەس ڕەوا نابێ مەڕام و مەقسەدی هیجری
سەری حاجەت بەرە بەر بارەگای غەوسی سولەیمانی

پەراوێز edit