ئاڵەکۆک

مستەفا بەگی کوردی add_a_photo
کوردی دیوانی کوردی
٤٢. شەوی یەلدایە یا دەیجوورە ئەمشەو؟
شەوی یەلدایە یا دەیجوورە ئەمشەو؟
کە دیدەم دوور لە تۆ بێ نوورە ئەمشەو
دڵم وەک حاکمی مەعزوولە قوربان
خەڵاتی وەسڵی تۆی مەنزوورە ئەمشەو
کە تۆی شای کەچ کولاهی دیدە مەستان
چ باکم قەیسەر و فەغفوورە ئەمشەو؟ !
سروشکم نەخشی ناوی تۆ دەکێشێ
کە جێی سێدارەکەی مەنسوورە ئەمشەو
دڵیش مایل بە دیدەی تۆیە بۆیە
لە من وەحشی و ڕەمیدە و دوورە ئەمشەو
لە خەو هەڵساوە یا ئاڵۆزە چاوت؟
هەمیشە وایە یا مەخموورە ئەمشەو؟
لە دووریت من وەکوو بولبول دەناڵم
بە وەسڵت عالەمێ مەسروورە ئەمشەو
سوپای موژگان و تیغی ئەبروانت
شکستی فیرقەیی تابوورە ئەمشەو
ئەگەر یاران دەپرسن حاڵی کوردی
لە کونجی بێکەسی مەهجوورە ئەمشەو

پەراوێز edit