ئەرێ یاران! شەوی یەلدایە یاخۆ مەحشەرە ئەمشەو؟
سەدای عەبباسە یا ناڵە و فوغانی ئەسغەرە ئەمشەو؟
سوپای غەم هاتە تاراجی قەرار و سەبر و ئارامم
کە زانی مڵکی دڵ بێ شەهریار و لەشکەرە ئەمشەو
موشەخخەس مردنم نێزیکە سایاران! خودا حافیز
لەبۆ قەسدی هیلاکی من موژەت وەک خەنجەرە ئەمشەو
هەناسەی ئاگرینم بێ سەبەب نایە پەی ئەندەر پەی
کە بەرگی قرمزی پۆشی دڵم وەک مەجمەرە ئەمشەو
لە ئیقلیمی مەلاحەتدا فەرید و نادری عەسرە
جڵەوداری وەکوو قزڵ ئەرسلان و سەنجەرە ئەمشەو
بە خەتتی سەبزی ڕوخساری جەماڵی ئاتەشین ڕەنگی
فرووغی شەمسی ئەعجازی خەلیلی ئازەرە ئەمشەو
چ حاسڵ تاسی ئیقباڵم دووشەش بێنێ ئەمێستاکە؟
کە داشی دڵ لە خانەی سەبر و هیجران شەشدەرە ئەمشەو
لە مەستیدا وەکوو ڕەههامە بۆ مەردی وەکوو شیدە
بە توندی هەر وەکوو تووسە، بە شۆخی جەعفەرە ئەمشەو
ئەوا کوردی لە کونجی بێکەسیدا زار و بیمارە
بە وەسڵی خۆت عیلاجی کە، کە حەججی ئەکبەرە ئەمشەو