ئاڵەکۆک

ئاسۆ add_a_photo
ئاسۆ دیوانی ئاسۆ
٩. چاوەڕێ
دەڵێم شێعرێ بڵێم ئەوشەو، برینی دەرد وگریان بێ
لەبۆ بەردەنگی ئەم پەیجەم، نەبێتە دەرد و دەرمان بێ

بەڵام چ بکەم ترووسکەی شادی کەوتۆتە سیاچاڵێ
بەدی ناکەم لەهیچ لایێ بەتایبەت وەرزی زستان بێ

دەڵێ ــ دوکتور ــ لە بۆ چاو ئەشکی دەسکرد باشە، من چ بکەم؟
دەبێ حاڵم لەبەر ئەو نوسخەیەی ئەو هەر پەرێشان بێ

کوتم گەورەم! ئەمن چاوم بەدایم پڕ لە فرمێسکە
کەسێ بەو قەترە موحتاجە، دژی ئازادی ئینسان بێ

منێ گەر گۆشکراوی چۆم و کانیم لێم گەڕێن با هەر
دڵ و چاوم لەبۆ خاکم بەدایییم کەیلی گریان بێ

نە جێیێ شک دەبم تا دڵ لەوێ باری خەمی دانێ
نە هەستێ وام هەیە تەبعم وەکوو لاویی غەزەلخوان بێ

مەیە؟ قاچاخە! ماچ؟ کوفرە، ئەوین؟ ڕیسوائیە ئێستا
دەبێ حاڵی چ بێ ڕانی، لە کوێستان دا گورگ شوان بێ؟

گوڵێ دوێنێ بزەی هاتێ کە ڕیشی لۆکەیی دیتم
کوتم چۆن پیر نەبم ئاخر، کە وەرزم ڕێگە بەندان بێ

لەئاسمان خوێن دەبارێ و دەستی زاڵم ئەوکی گووشیوم
سەڵا لەو حاڵە گەر میللەت خەمی چووکەی خەمی نان بێ

بەڵام ئاسۆ گەلێ ڕوونە، مەترسێ کەڵ بە، ڕاوەستە
زەوی دایم دەبێ چاوی لە وەرزی بەفرو باران بێ
نووسین: کارزان

پەراوێز edit