ئاڵەکۆک

ئاسۆ add_a_photo
ئاسۆ دیوانی ئاسۆ
٧. پێکەنینی گوڵ
بێ سەبەب بولبول لە باغا شین و ناڵینی نییە
پێکەنینی گوڵ نەبێ قومری هەوای شینی نییە

لابە سۆفی ویشکەڵانیت چاو لە چاوی جوانێ کە
هەر کەسێ زەوقی نەبێ هەستی خودادینی نییە

کوشتەی ئەو چاوانە پێم وا لای خودا ڕزقی هەیە
وەک شەهیدی بێ نەوا یاسین و تەڵقینی نییە

چۆن لە شەوگاری ڕەشا ڕێ دەردەکا ئەو بێ کەسەی
گەر ترووسکەی نیونیگای چاوێکی شین شینی نییە؟ !

دەرکی ناکا دەرسی عیشق و خۆشەویستی چاوەکەم
ئەو کەسەی لەم مەدرسە تیکرار و تەمرینی نییە

تا نەڕووخێنێ بەڕاستی گەر کەسێ کۆشکی درۆ
زەمزەمەی بن لێو بە پووشێ؛ چونکە هەر دینی نییە

من پەپوولەی دەوری ڕووی تۆم چون گوڵاڵەی هەستمی
زۆرە گوڵ؛ ئەمما هەمووی هەر گەردی هەنگوینی نییە

کێ وەکوو ئاسۆ لە گوڵزارا تەوافی گوڵ دەکا؟
حەزرەتی گوڵ تا هەبێ، چاوی دڕوو بینی نییە
نووسین: کارزان

پەراوێز edit