ئاڵەکۆک

ئاسۆ add_a_photo
ئاسۆ دیوانی ئاسۆ
٣٩. چادر نشین
لەچاوانت دەترسم من لە وەختێکا خەواڵوو بێ
بڵێی لێوت لەمژتن دا بەڕەنگی ئاڵوو باڵوو بێ!

ئەگەر سەودا دەکەی ماچێ بە نرخی ئاوی ڕوو دەیکەم
ئەمن هەر هەڵوەدای ماچم دەسم یەکجاری با ڕوو بێ

لەتەختەی سینەتا من هەر دەدۆڕێم چون بەجێی جوت پێنج
دەبێ هەردەس بەمۆرەو نەردی من وەک تاسی مەم دوو بێ

دەزانی خاڵەکەی سینەت بەوێنەی دانی سەر داوە؟
کەچی ماچی بکا شەخسێ بەهەشتیشە ئەگەر جوو بێ

بڵێی ڕۆژێ خودا بێنێ شەوێ من باغەوانت بم
دەسم بۆ میوە هەر نابەم مەگەر بۆ مانەوەی توو بێ

نزیکیی شاعیری عاشق لەگەڵ شاجوانی وەک تۆدا
وەها جوانە ڕفاقەتیان بەوێنەی شانە و موو بێ

لەبەر کۆویدی نۆزدە کووچەتان سەدهێندی چین دوورە
دەنا پێمخۆشە پێم داییم لەڕێی ئەو کووچە ماندوو بێ

من ئەو دەروێشە دڵڕێشەم لەتەکیەو خانەقات دوورم
لەدور ڕا سەهمی دەروێشان دەبێ هەر بانگی یاهوو بێ

بەشی یەک چادری ئاسۆ هەبێ لەو دەرکی بێڵایەت
قەبووڵە! چش هەتا مردن ئەگەر بێ ماڵ و خانوو بێ
نووسین: کارزان

پەراوێز edit