حەریقی زیقی زیندانم، نەسیمی سوبحدەم با بێ!
ئەگەر ڕۆحی منت باقی دەوێ، ساقی! مەیی نابێ!
لە وەسڵی تۆ زیاتر خەوفناکم، نەک لە هیجرانت
بە میسلی شەمع و پەروانە، بەڵێ عاشق دەبێ وا بێ!
نییە دەخڵم لە شانامە و مەسافی، غەیری ئەم نوکتە:
کە کوشتەی بەندی تۆیە هەرکەسێ ئازاد و ئازا بێ
کەسێ پوشتانی باڵاتە، حەریفی ئاڵ واڵاتە
کە شیبهی کاکوڵی ژۆلیدە سەرگەردانی سەودا بێ
فیدای تەشریفی ڕێگەت بێ خەراجات و خەزێنەی دڵ
نیساری تۆزی پێت بێ گەر لە چاودا قەترەیێ مابێ
لە عەکسی زاتی بێڕەنگت هەتا کەی دیدە ڕەنگین بێ،
جونوونی لەیل و مەیلی نەقشبەندی عەکسی ئەسما بێ؟ !
مەگەر هەر یاری نەقشینم ببێتە نەقشبەندی دڵ
کە نەقشی غەیری ڕەنگی ئەو بە ئاوی دیدە شۆرابێ
سوبووتت باعیسی نەفیی منە، وەک لامی زولفەینت
لە هەردوو لا قەدت بگرێتە ناو، وەک (لامەلفلا) بێ
گەهێ ئاهوو ڕەوش شاهی، گەهێ گەوهەر مەنیش ماهی
بڵا با سینە سەحرا بێ، بڵا با دیدە دەریا بێ!
کەمەندی زوڵفی دوو لانە، لە بۆ گەبر و موسوڵمانە
دەکێشێ بێ موحابانە، چ لەم لا بێ، چ لەولا بێ!
لەئالی ئەشکی نالی بێکەسە، غەڵتانی نێو خاکە
مەگەر سەمعی قەبووڵت موشتەری لوولوویی لالا بێ!